بۆ گەشتیاران
بانکى ناوەندى میکانیزمێکى نوێ بۆ فرۆشتنى دۆلار دەگرێتەبەر
964+
وریا فەتاح
بانکى ناوەندى رەتیدەکاتەوە هیچ کێشەیەک لە نەختینەى دینارى عێراقیدا هەبێت، بەوتەى پارێزگارى بانکەکەش، لە هەوڵدان بە میکانیزمێکى نوێ دۆلار بە گەشتیاران بفرۆشن.
ئەمڕۆ هەینى، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بونی کێشە لە سیولەی (نەختینە)ى دیناری عێراقی بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە، چونکە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە رێکارەکانی پرۆسەی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی پەیوەست بە سیولە.
وەک ئەوەى حەلاق باسى لێوەدەکات، بانکى ناوەندى لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەى میکانیزمێک بۆ ئەوەى گەشتیاران بە ئاسانى دۆلار لە فڕۆکەخانەکانى عێراق، بەدەست بهێنن.
ئاشکراشى کردووە کە هەندێک لەو میکانیزمانە لە فڕۆکەخانە عێراقییەکان تەواوبون و چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو هەڵدەستن بە دابەشکردنی دۆلار.
“ئەو میکانیزمە نوێیە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گەشتیار دەتوانێت لە رێگەی ناو تۆمارکردن لە سەکۆی ئەلیکترۆنی داواکاری بەدەستهێنانى دۆلار پێشکەش بکات و دواتر لە فڕۆکەخانەکان وەریبگرێت”، پارێزگارى بانکى ناوەندى بەم شێوازە باسى لێوەکردووە و دەشڵێت: ئەو میکانیزمە بۆ ئەوەیە دڵنیابین دۆلار تەنیا بە گەشتیاری راستەقینە دەفرۆشرێت.