پرۆژەیەکی یەکەیی نیشتەجێ لە دهۆک. وینە:964
لە دهۆک
خەڵک رووی لە کڕینی شوقە کردووە و خانووە کۆنەکانیش وەک زەوی دەفرۆشرێن
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە پارێزگای دهۆک هاوڵاتیان زیاتر خواستیان لەسەر شووقە هەیە بۆ نیشتەجێبوون، کڕینی خانوو رووی لە کەمی کردووە، و لە نووسینگەکانی کرین و فرۆشتنی خانوو و شووقە، بازاڕی کرینی خانو کزە و لەبەرامبەرد بازاڕی شوقە گەرمە.
بەهۆی زیاد بوونی یەکەکانی نیشتەجێببون لە پارێزگای دهۆک کە زیاتر لە 25 پرۆژەی نیشتەجێبوونی شوقە لە شارەکە بونیان هەیە خواست لەسەر شوقە زیادی کردووە.
بەپێی بەدواداچونەکانی 964 بازاڕی فرۆشتنی خانوو بەشێوەیەکە چەندین خانوو لە نوسینگەکان دانراوە بۆ فرۆشتن کەس نایکڕێت ،خانوو هەیە زیاتر لە حەوت مانگە دانراوە بۆ فرۆشتن تا ئێستا کڕیاری نییە.
ماهر چرانی خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و نووینەری خاوەن نوسینگەکان لەبازاڕی دهۆک بە 964ـى وت، بەهۆی زیادبوونی خانووە کۆنەکان و نەبوونی هەلی کار و دۆخی دارایی، کڕینی خانوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
وتیشی، پێش دوو ساڵ خانوو هەبووە بە 150 هەزار دۆلار فروشتوویانە ئێستا بە 100 هەزاریش بازاڕی نییە و نافرۆشرێت و کڕینی شووقەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و نرخەکانیش زیاتر لە 5 تا 10 هەزار دۆلار چووەتە سەر نرخی شوقە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا خانووە کۆنەکان وەک خانوو نافرۆشرێن، بەڵکو وەک زەوی دەفرۆشرێن و نرخەکانیش لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی تر جیاوازن، زیاتر گەڕەکی بەرۆشکێ و حەی شورتە هەرزانترە لەچاو خانووی گەڕەکەکانی ماسیکێ و زرکا.
ئارام دوسکی، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو بە 964ـی وت، ئێمە لە وەرزی بەهار نزیک دەبینەوە، خواستی هاوڵاتیانی بشور و ناوەڕاستی عێراق بۆ کڕینی شوقە زیاد دەکات، دواتریش بەهۆی زۆری خواستەوە نرخی شوقە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە دوو ملیون و 500 کەس نیشتەجێنە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی