باجی گومرگ و رسومات هۆکارە

لە کەرکوک گۆشتی بەستوو سێ هەزار هەرزانترە لە سلێمانی

964+

ئەحمەد مستەفا

فرۆشتنی گۆشی بەستوو لە بازاڕەکانی کەرکوک بەراورد بە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان و سلێمانی، سێ هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک جیاوازی هەیە، سۆراغی 964 ئەوەی دەرخست وەرگرتنی پارەی گومرگی جیاوازی نرخەکەی دروستکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 21.2.2024، لە بەداواچونێکی 964دا دەرکەوت، لە ناوەندی کەرکوک یەک کیلۆ گۆشتی بەستووی ئاژەڵ، بە 7 هەزار دینارە، لە کاتێکدا لە سلێمانی لە نێوان 10 هەزار دینار بۆ 13 هەزار دینار دەفرۆشرێ.

محەمەد وەسفی، گۆشتفرۆش لە کەرکوک بە 964ی وت، جگە لە هەندێک، گروپ و کەرتی تایبەت کە گۆشتی بەستوو ئامادە دەکەن، لە وڵاتانی ئێران و تورکیا گۆشتی بەستوو هاوردەی کەرکوک دەکرێ، هیچ  گۆشتفرۆشێک ناتوانێت گرنتی تەندروست بوونی گۆشتەکە بکات، بەڵام خواستیشی لەسەرە.

گۆشتی بەستوو بازاڕی گۆشتی خۆماڵی لاواز کردووە

گۆشتی بەستوو بازاڕی گۆشتی خۆماڵی لاواز کردووە

بە قسەی ئەو فرۆشیارە بێت، ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن خەڵکی هەمەجۆرەیان تێدایە، ئەو وتی، لە کەرکوک گرفتی دارایی و پێ نەدانی مووچە نییە، بەڵام هەر هەرزانترە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە زۆرجار جگە لە گۆشتی بەستوو، هەمان گۆشت دەشکرێ بە قیمە و بە نرخێکی کەمتر دەیانفرۆشینەوە.

بە گوێرەی سۆراغی 964 بێت، کە هەندێک بازرگان بەبێ ناوهێنان قسەیان بۆ کردووە، پێدانی باجی گومرگی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها گومرگی نێوان شارەکان تایبەت عێراق، هۆکارە بۆ ئەوەی، لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەنێوان 10 هەزار دینار بۆ 13 هەزار دینار یەک کیلۆ گۆشتی بەستوو بفرۆشرێن، لە کاتێکدا بۆ شارەکانی عێراق هاوردە هەمان قەبارەی باج وەرناگیرێت.

دکتۆر شاڵاو عارف بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی بە 964ی وت، بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور لە سلێمانی بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەڕێژەی %40 کەمبووەتەوە، ئەوەش بەهۆکاری بوونی خواست لەسەر گۆشتی بەستوو.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانی هۆکاری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی گۆشت بۆ زیادبوونی قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە و وتی، لە سلێمانی و هەرێمی کوردستان ئەگەر خواست لەسەر کڕینی گۆشتی بەستوو هەبێت، هۆکار نزمی نرخەکەیەتی، سەرەڕای ئەوەی ماددەی ئەندامی زۆر کەمترە لە گۆشتی فرێش.

سەدان کەس سەرەیان بۆ بەرخ بەستووە بۆ رەمەزان

سەدان کەس سەرەیان بۆ بەرخ بەستووە بۆ رەمەزان