گردبوونەتەوە بۆ نەگۆڕینی بەڕێوەبەرەکەیان

+964

کاروان ساڵح – کەرکوک

فەرمانبەرانی پۆستە و گەیاندنی کەرکوک دژی بڕیاری وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق دەوەستنەوە و داواکارن پاشگەزببێتەوە لە بڕیارەکەی بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەرەکەیان.

ئەو فەرمانبەرانە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 10ی کانوونی دووەمی 2023، گردبوونەوە.

ئەو فەرمانبەرانە دەڵێن، بەڕێوەبەرەکەیان لە نەتەوەی تورکمانە و “جیاوازیی ناکات لەنێوانیاندا”.

بەیان عەلی، فەرمانبەرە لە پۆستە و گەیاندنی کەرکوک، بە 964+ی وت “ئەو بەڕێوەبەرە یەک ساڵە دەستبەکاربووە و تاوەکو ئێستا نەمانبینیوە جیاوازی لە نێوانمان بکات، نامانەوێت بیگۆڕین”.

ئەندازیار عومەر عەدنان، بەرپرسی بەشی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆستە و گەیاندنی کەرکوک تایبەت بە 964+ وتی، ئەو بەڕێوەبەرەیان بە دڵە چونکە گوێ لە فەرمانبەران دەگرێت و پەلە ناکات لە بڕیاردان.

بەڕێوەبەری ئێستای پۆستە و گەیاندنی کەرکوک ناوی محەمەد قەیس حەسیبە، تەمەنی 47 ساڵە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری میکانیکی بەشی پەیوەندییە ئاسمانیەکانە، پێشووتر فەرمانبەری وەزارەتی پەیوەندییەکان بووە لە بەغدا.