لە سلێمانییەوە 172 رووفات دەبرێنە چەمچەماڵ

پێش تەواوبوونی پشکنینی DNA رووفاتەکان لە چەمچەماڵ بە خاکدەسپێردرێن

964+
ئەحمەد مستەفا

سبەی چوارشەممە، 172 رووفات کە زۆرینەیان خەڵکی ئاغجەلەر و گوندی جەلەمۆردن لە قەزای چەمچەماڵ، لە سلێمانییەوە دەبرێنە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزاکە، بڕیار وایە بە خاکیانبسپێرن، ئەوە لە کاتێکدا پشکنینی DNAی کەسوکاریان تەواو نەبووە.

رووفاتەکان پاش هەڵگرتنەوەیان لە بیابانەکانی سەماوەی باشووری عێراق، چوار ساڵ لە داد پزیشکی بەغداد مانەوە، ئێستا کۆی رووفاتەکان لە سلێمانین، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە 964 دراوە، سبەی جوارشەممە 21.2.2024 لە مۆنۆمێنتی ئەنفال رێورەسمێک بۆ بەخاکسپاردنیان ئەنجامدەدرێ.

ساڵی 2019 بەهۆی بای بەهێز و زریانەوە لە دەشتاییەکانی ناوچەی باب شێخ سەر بە پارێزگای سەماوە، ئەم رووفاتانە دەرکەوتن، کە دەسەڵاتدارێتی ئەوکاتی بەعس کۆمەڵکوژی کردبوون، ژمارەیەک لە کەسوکاریان ئەوکات چوونە سەر گۆڕەکان و داوای هێنانەوەیان کردن، بەختیار رەئوف، کە گومانی هەیە کەسوکاری لە گۆڕەکاندا بوون و  28 کەس لە بنەماڵەکەی ئەنفالن بە 964ی وت، داوای پشکنین پێسوەختەمان کرد پێش بە خاکسپاردنیان.

رێورەسمەکە لە کاتێکدایە، لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان، دەزگای شەهیدانی عێراق، فەرمانگەی کاروباری پاراستنی گۆرەبەکۆمەڵەکان عێراق و داد پزیشکی بەغدا، بە هاوبەشی مۆنۆمێنتی ئەنفال، هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێنیان بۆ پشکنینی DNA، لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ و گەرمیان دەستپێکردووە و تا رۆژی هەینی 23.2.2024، رۆژانە نموونەی خوێن لە 100 کەس وەردەگرن.

تەرمی 172 رووفاتی ئەنفالەکان دەهێنرێتەوە بۆ چەمچەماڵ

تەرمی 172 رووفاتی ئەنفالەکان دەهێنرێتەوە بۆ چەمچەماڵ

پێشتر، هابیل ئەحمەد بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە 964ی وت، پشکنینیDNA زیاتر بۆ ناسینەوەی کەسوکاری ئەو 172 رووفاتەی مانگی پێشووە، کە لە بەغداوە هێندرانەوە بۆ سلێمانی، دەستپێکێکی گرنگیشە بۆ ئەوەی تەواوی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ پشکنینیان بۆ بکرێت.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان ئەمڕۆ سێشەممە 20.2.2024 لە بارەی بەخاکسپاردنی رووفاتەکان بە 964ی وت، وەزارەتی شەهیدان ئاگادارە، بەڵام پڕۆسەکە خانمی یەکەمی عێراق پێی هەستاوە، بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی سلێمانی و مۆنۆمێنتی ئەنفال، ئامادەکارییەکانیان بۆ رێورەسمی بەخاکسپاردن دەستپێکردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بە 964 دراون، داد پزیشکی بەغدا پشکنینی بۆ سەرجەم رووفاتەکان کردووە، ناسراونەتەوە کە زۆرینەیان خەڵکی گوندی جەلەمۆرد و ئاغجەلەرن وە زۆرینەی رووفاتەکان ناسراوی یەکدین و نەوەی چەند بنەماڵەیەکی ناوچەکە بوون، بە هێمای (B_0) ناسنامەی رووفاتەکان ناسێندراون و جیا کراونەتەوە، بۆیە بڕیاریان وایە چیتر ئەو رووفاتانە، چاوەڕوانی و نیگەرانی لای خەڵکی ناوچەکە دروستنەکات.

بە قسەی بەرپرسانی مۆنۆمێنتی ئەنفال بێت، دەرچوواندنی ئەنجامی پشکنینەکان، چەند مانگێکی پێدەچێت، بۆیە خواستی ئەوان نەبووە، کەسوکارەکانیان لە چاوەڕوانی ئەنجامدا بمێننەوە، لە پرۆسەی یەکەم پشکنینی خوێن بۆ 600 کەس دەکرێ، نموونەیان لێ وەردەگیرێت و داتا دەکرێن.

لە مۆنۆمێنتی ئەنفال سەرجەم گۆڕەکان ئامادەکراون، ئەمڕۆ کارمەندانی مۆنۆمێنت و شەهیدانی سلێمانی ئامادەکارییان دەکرد بۆ رێورەسمەکەی سبەینێ، ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری شەهیدانی سلێمانی بە 964ی وت. ئێستا رووفاتەکان لەلای ئێمەن، سبەی بە ڕێورەسمێک بۆ چەمچەماڵ پێش کاتژمێر 10:00ی بەیانی بەڕێدەکرێن.

200 رێکخراو و نووسەر داوای هێنانەوەی رووفاتی 171 ئەنفالکر...

200 رێکخراو و نووسەر داوای هێنانەوەی رووفاتی 171 ئەنفالکراو دەکەن

چەمچەماڵ؛ پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی 172 رووفات دەکرێ

چەمچەماڵ؛ پشکنینی DNA بۆ ناسینەوەی 172 رووفات دەکرێ