ئیحسان زیرەک
ناتوانم گۆرانی بڵێم و بچمە هیچ کۆنسێرت و بەرنامەیەکەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
هونەرمەند ئیحسان زیرەک بەهۆی تێکچوونی دەنگییەوە لە گۆرانی وتن دوورکەوتووەتەوە و ئاشکراشی دەکات کێ نازناوی زیرەکی پێبەخشیوە.
زیاتر لە شەش مانگە ئیحسان زیرەک بەهۆی تەندروستییەوە نەیتوانیوە گۆرانی بڵێت، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی، “گرفت لە دەنگە ژێیەکانم هەیە و نەشتەرگەریم کردووە، بەڵام دەنگم هێشتا وەک خۆی نییە و ناتوانم گۆرانی بڵێم، هەر ئەوەش وایکردووە نەچمە هیچ بەرنامە و کۆنسێرتێکەوە، زۆری بیری گۆرانی وتن دەکەم”.
ئیحسان زیرەک لە قسەکانیدا باس لە کاریگەری هونەرمەند حەسەن زیرەک دەکات لەسەر تەواوی ژیانی و دەشڵێت، ئەگەر ئەو نەبووایە رەنگە بە لای کارێکی دیکەدا برۆیشتمایە.
ئیحسان بورهان ئەحمەد ناوی راستەقینەیەتی و لە ساڵی 1998 نازناوی زیرەکی پێبەخشراوە لەلایەن هاورێیەکیەوە کە خاوەنی تۆمارگەریەک بووە بە ناوی زیرەک.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح