دانیشتینی دەیەمینە

ئایا دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ بڕیارە قورسەکە دەدات؟

964+

فەهمی نەبی

دوای نۆ جار دانیشتن و دواخستنی سکاڵایەک لەسەر بە نادەستوری ناساندنی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە دانیشتن لەسەر ئەو سکاڵایە دەکات، ئەو یاسایەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بووەتە گرێ کوێرەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

سکاڵاکە لە لایەن هەریەکە لە زیاد جەبار، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە، تایبەتە بە هەڵوەشانەوەی مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36) لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، واتا ئەو مادانە پەیوەستن بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لەناو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.

رۆژی 23ـی کانونی یەکەمی 2019 وادەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم کۆتایی هات، بەمەش ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستبوو.

22.5.2023 کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی دادگای فیدڕاڵیدا رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم دەردەبرێت.

دواتر لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 25.2.2024ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کرد.

رۆژی 12.12.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە خه‌رجكردنی زیاتر لە 70 ملیار دینار بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لافاو لە هەرێم.

رۆژی 3.1.2024 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو رێکەوتەی کە دیاریکرا بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25.2.2024 ناتوانن لەو رێکەوتە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

رۆژی 16.1.2023 وەفدێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و باسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێم کرد، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو رانەگەیەنراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە جگە لەو سکاڵایە، دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی دیکە کۆدەبێتەوە کە هەریەکە لە عەدالەت رەحیم، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەمەد، لەسەر هەریەکە لە سەرۆکی حکومەتی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماریان کردووە، سەبارەت بە پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە موچەی فەرمانبەران بۆ هەریەکە لەمانگەکانی تەمموز و ئابی 2023، هاوکات پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023 سەبارەت ناردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

دادگای فیدراڵی دانیشتنی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی بۆ ...

دادگای فیدراڵی دانیشتنی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی بۆ هەفتەیەکی دیکە دواخست