لە پیرەمەگروون
رووخانی پردێک رێگای چوار گوندی داخست
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە سنوری ناحیەی پیرەمەگروون پردێک رووخاوە و رێگای هەریەکە لە گوندەکانی، تەڕەمارەکۆن، تەڕەماری سەروو ،کانی چنار و قازان بەتەواوی پچڕاوە.
پێشەوا خەسرەو دانیشتووی گوندی کانی چنار بە964ی وت، “ئەمشەو بەهۆی زۆری باران بارین ئاستی ئاو لە سنوری گوندەکەمان بەرزبۆوەو بووەهۆی رووخاندنی پردی تەڕەمارە کۆن، بەوهۆیەوە هاتوچۆی گوندەکەی ئێمەو سێ گوندی تر بەناحیەی پیرەمەگرون پچڕاوه”.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، “ئێستا بەهیچ جۆرێک ناتوانین بچینە ناحیەی پیرەمەگروون ئەگەر کاری پێویستیشمان هەبێت رێگای هاتوچۆی ئۆتۆمبێلمان نەماوە داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرێکمان بۆبدۆزنەوە”.
بەرزان رەئوف سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون بە 964ی وت، “لەبەر ئەوەی ئێستا کاتەکەی درەنگە، ناتوانین تیم بنێرین ناوچەکە، بەڵام بەیانی بەخێرایی رێگایەکی کاتی دەکەینەوە”.
بەوتەی سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون، رێژەیەکی زۆری باران لەو ناوچەیە باریووە، بەو هۆیەوە ئاو زیانی بەچەند ماڵێکی ناحیەی پیرەمەگرون گەیاندووە.
بەگوێرەی زانیاری 964 کە لە خەڵکی ئەو گوندانە وەریگرتووە، ئەو پردەی ئاو بردوویەتی ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە لەلایەن خێرخوازانەوە دروست کراوە، جگە لەوەی رێگای سەرەکی ئەو گوندانەیە، رێگای ناحیەی پیرەمەگروون بۆ قەزای بازیانیشە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی