دایک و کچێک بریندارن
لە حاجیاوا ئاو چووەتە ماڵێکەوە و ئاگر لە ماڵێکیش بەربوو
964+
وریا فەتاح
لە حاجیاوا ئاو چووەتە ژێرزەمینى ماڵێکەوە و زیانێکی زۆری دروستکردووە، لەهەمان کاتدا بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە ماڵێکی ناحیەى ژاراوە دوو کەس بریندار بوون.
عەلى قادر، وتەبێژى بەرگرى شارستانى راپەڕین بە 964ى وت،”بەهۆى ئاگرکەوتنەوە لە زۆپاى نەوت، ماڵێک لە ناحیەى ژاراوە ئاگرى تێبەر بووە و بەهۆیەوە دایک و کچێک بریندار بوون”.
بە وتەى بەرگرى شارستانى راپەڕین، برینى دایکەکە سوکە، بەڵام منداڵەکە دەست و قاچێکى سوتاوە.
لەبارەى زیانە مادییەکانیشەوە، 964 دەزانێت، بەهۆى ئەوەى ماڵەکە دیوارەکانى پلاستیک کراوە، بەشێکى زۆرى ماڵەکە و پێداویستییەکانیان سوتاون و بە وتەى عەلى قادر، زیانەکان بە چوار ملیۆن دینار خەمڵێندراون.
هاوکات بەهۆى باران بارینەوە، لە گەڕەکى دابانى ناحیەى حاجیاوا، ئاو چووەتە ماڵى هاوڵاتییەکە و بەشێک لە کەلوپەلەکانى ماڵەکە کەوتوونەتە ژێر ئاوەوە.