دوو ئامانجیان هەیە

دەستەی وەبەرهێنان داوا لە زانکۆکانی هەرێم دەکات توێژینەوەیان بۆ بکەن

964+

پێشەوا محەمەد

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە تا لە زانکۆکانیان توێژینەوەیان بۆ بکەن، وەزارەکەش نووسراوی بەسەر زانکۆکاندا گشتاندووە تا هەماهەنگییان لەگەڵ بکەن.

ئێستا دەستەکە سەرقاڵی دروستکردنی پەیوەندی و کۆبوونەوەیە لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمدا.

هەڵۆ قەزاز، بەڕێوەبەری گشتیی لێکۆڵینەوە و زانیاری لە دەستەی وەبەرهێنان بە 964ـی راگەیاند، دوو ئامانجیان لە ئەنجامدانی ئەو توێژینەوانە هەیە، یەکەمیان فرەچەشنکردنی داهات و دووەمیشیان دەیانەوێت سەرنجی وەبەرهێنەران لەسەر کەرتی نیشتەجێبوون بۆ سەر کەرتەکانی گەشتوگوزار، پیشەسازی و کشتوکاڵ بگوازنەوە.

باسی لەوەش کرد، سەرەتا لە زانکۆ حکومییەکان و سەنتەری توێژینەوەکانیانەوە دەستپێدەکەن و هەروەها سوود لە نامەی ماستەر و دکتۆرای خوێندکارانیش وەردەگرن لەو بوارەدا.

964 دەزانێت دەستەکە دەیەوێت لەمساڵەوە سوود لە توانای سەنتەرەکانی توێژینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆرای خوێندکاران وەربگرێت.

بەڕێوەبەرە گشتییەکەی دەستەی وەبەرهێنان روونیشیکردەوە، پێشوازیی زانکۆکان بۆ داواکارییەکەیان زۆرباشە و بەوتەی هەڵۆ قەزاز هەموو ئامادەییەکیان تێدایە.

دەشڵێت، زانکۆکان خۆیان بوودجە و موچەیان هەیە و دەستەی وەبەرهێنان بوودجە تەرخان ناکات، “بەڵام هەماهەنگ دەبێت و زانیارییان دەداتێ”.

ئەو ناونیشانانەی دەستەی وەبەرهێنان بۆ توێژینەوە ئاراستەی زانکۆکانی کردووە:

*رۆڵی کەرتی تایبەت لە پەرەپێدان.

*رۆڵی دامودەزگاکان و دەستەکانی حکومی لە پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئابووری لە هەرێمی کوردستان “دەستەی وەبەرهێنان بە نموونە”.

*رۆڵی سیاسەتی حکومەت لە پشتگیریکردنی پڕۆسەی وەبەرهێنان.

*شوێنەواری ئامادەنەبوونی ئاماژەکان و سەرژمێری لە راکێشانی وەبەرهێنەران.

*ئاڵنگارییەکان و سزاکان لەبەردەم پڕۆسەی وەبەرهێنان.

*بانک و کۆمپانیاکانی دڵنیایی و رۆڵیان لە پڕۆسەی وەبەرهێنان.

*وەبەرهێنانی زیهنی و رۆڵی لە پێشکەوتنی کۆمەڵگای ئابووری.

*پلان و ستراتیج و کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی وەبەرهێنان.

*تێڕوانینی ئاییندەیی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری.

*وەبەرهێنان و کاریگەریی لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی.

*دووری کرداری دەستەی وەبەرهێنان لە وێنەی نەخشەی ئاییندەی ئابووریی هەرێم.

*لێکۆڵینەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێم و چۆنێتیی چالاککردنی.

*گەشەپێدانی مرۆیی و رۆڵی لە پڕۆسەی وەبەرهێنان.

*رۆڵی دادوەری بازرگانی لە پڕۆسەی وەبەرهێناندا.

*هەژاری و بێکاری و سیاسەتی وەبەرهێنان لە هەرێم.

*باج و کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنانی هەرێم.

*گرنگیی ئابووری بۆ دانانی ناوچەی ئازاد لە هەرێمی کوردستان.

*گرنگیی وەبەرهێنانی گەشتیاری و کاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێم.

*وەبەرهێنانی مرۆیی … هۆکارەکان و چاوگەکان و گەشەی ئابووری.

*زانکۆکان و رۆڵیان لە پەرەپێدان.

*وەبەرهێنان لە ئاودا.

*وەبەرهێنانی کولتووری و رۆڵی لە راکێشانی وەبەرهێنی ناوخۆیی و دەرەکیدا.

*هەڵسەنگاندنی ژینگەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێم.

*پیشەسازیی ناوخۆی و چۆنێتیی پشتگیریکردنی کەرتی پیشەسازی.

*کەمیی ئاو و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵی.

*لێکۆڵینەوەی شیکاری لە رووی “چەندێتی، کوالێتی، چۆنێتی” ستانداردەکان، پلان و ستراتیج لە هەر 31 کەرتەکەی وەبەرهێناندا.

*فرە سەرچاوەیی بڕیاردان و کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنان.

*سیستمی یەکپەنجەرە و کاریگەریی لەسەر سێکتەری وەبەرهێنان.

*بیمە و کاریگەرییەکانی لەسەر بوواری وەبەرهێنان.

*چۆنێتیی سوودوەرگرتن لە بەرنامەی “صندو مناخ الاخضر” و بەکارهێنانی وەک سەرچاوەیەک بۆ وەبەرهێنان.

*موڵکایەتی و کاریگەرییەکانی لەسەر وبەەرهێنان.

*کاریگەریی پڕۆژە هاوبەشەکان “BOT – P – P – P” لەسەر پڕۆسەی وەبەرهێنان.

دەستەی وەبەرهێنان: بە نزیکەی 18 ملیار دۆلار وەبەرهێنان ...

دەستەی وەبەرهێنان: بە نزیکەی 18 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە