بەڵام مەرجی هەیە
ئەگەر ناوت بۆ حەج هاتووەتەوە و ناچیت کەسێکی دیکە بخەرە شوێنت
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم بڕیاری دا رێگەپێدان بەو کەسانە بدرێت ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ هاتووەتە، بەڵام ناتوانن بچن تا کەسی دیکە بخەنە شوێنی خۆیان.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ هەر لە سەرەتای فۆڕم پڕکردنەوە و تیروپشک بۆ حاجیان تەنازول لابرابوو چونکە تیروپشکەکە تەنیا بۆ حەجی ئەمساڵ بوو.
بە وتەی ئەو، لە وەزارەت بیریان لەوە کردووەتەوە تا حەقی کەس نەفەوتێت و لەبەر بەرژەوەندیی گشتی ئەو بڕیارەیان داوە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف، ئەو کەسەی دەبێتە شوێنگەرەوەی ئەو کەسەی ناوی بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە دەبێت کۆمەڵێک مەرج و رێنمایی تێدا بێت کە وەزارەتەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریی کردووە:
*هەر هاوڵاتییەک کە ناوی دەرچووبێت لە گرووپی “پیاو بەتەنیا، ژن بەتەنیا” کۆچی دوایی کردبێت یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر گەشت نەکات، ئەوا یەکێک لە خانەوادەکەی کە پلەی یەکەمی خزمایەتی هەبێت شوێنی دەگرێتەوە.
*هەر هاوڵاتییەک ناوی دەرچووبێت لە گرووپی ئافرەت لەگەڵ مەحرەم یان سیانی کۆچی دوایی کردبێت یان بە هەر هۆکارێک گەشت نەکات، ئەوا یەکێک لە خانەوادەکەی کە پلەی یەکەمی خزمایەتی هەبێت شوێنی دەگرێتەوە.
*ئەگەر خوالێخۆشبوو وەک مەحرەم ناوی تۆمارکردبوو، دەتوانرێت مەحرەمێکی ئەبەدی ژنەکە شوێنی بگرێتەوە.
*لە گرووپی مەحرەمی حاجی، ئەگەر پیاو کۆچی دوایی کردبوو یان بە هەر هۆکارێک فەڕیزەی حەجی ئەنجام نەدا، دەکرێت تەنازول بکات بۆ مەحرەمێکی ئەبەدی ژنەکە.
*لە گروپی مەحرەمی حاجی، ئەگەر پیاو کۆچی دوایی کردبوو یان بە هەر هۆکارێک فەڕیزەی حەج ئەنجام نەدا بە هیچ شێوەیەک مەحرەمەکەی مافی ئەنجامدانی حەجی نابێت.
تەنیا لەو خاڵانەی خوارەوە تەنازولەکە جێبەجێ دەبێت بۆ سەرجەم خاڵەکانی سەرەوە:
1- ژن و مێرد بۆ یەکتری.
2- کوڕ و کچ بۆ دایک و باوکیان و بە پیچەوانەوە.
3- خوشک و برا بۆ یەکتری و هەروەها خوشک و برا لە دایکەوە.
4- خێزانی باوک دەتوانێت بۆ کوڕ و کچی پیاوەکەی تەنزاول بکات.
5- ئەگەر پیاوێک لەگەڵ هاوسەرەکەی ناوی دەرچووبوو، بەڵام هاوسەرەکەی وەفاتی کردبوو، ئەگەر هاوسەری دیکەی هەبوو دەتوانێت شوێنی بگرێتەوە.
6- لە گرووپی دوانی یان سیانی پیاوەکە یان ژنەکە دەتوانێت بۆ پلە یەکی هاوسەرەکەی تەنازول بکات، وەک خەزوور، خەسوو، “برا و خوشک”ـی هاوسەرەکەی.
7- ئەو پشکەی لە لایەن ئێمەوە بۆ خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان تەرخان دەکرێت، گشت مامەڵەی ئاڵوگۆڕ و تەنازول لە لایەن فەرمانگەی تایبەتی خۆیان لە سنووری پارێزگاکەی ئەنجام دەدرێت و هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.
*لە بڕگەکانی، یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەش دەبێت ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکرێت:
-نابێت تەنازولبۆکراو پێشتر فەڕیزەی حەجی ئەنجام دابێت.
*ئەو هاوڵاتییەی پێشتر حەجی کردبێت مافی تەنازولکردنی لە پشکەکەی نامێنێت.
*گشت داواکارییەکان پاڵپشت بە بەڵگەنامەی فەرمی ئەنجام دەدرێت.