نزيك گەلی علی بەگ پڕ لە چاڵ بووە

ئاگادارى چاڵ و چۆڵه‌كانى رێگاى هامڵتون بن

+964

ئاکام غەفور-سۆران

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان لە رێگای گەلی عەلی بەگ ژمارەیەکی زۆر چال` لە رێگاکە دروست بونە.

چاڵەکان دەکەونە دەروازەی خەلیفان تاوەکو دەگاتە کانیماران، چاڵەکان قول و نادیارن مەترسی رووداوی هاتوچۆیان هەیە بەهۆی ئەوەی شۆفێران خۆیانی لێ لادەدەن.

چەندین شۆفێر پەیوەندیان بە 964 کردووە بۆ گەیاندنی دەنگیان بە لایەنی پەیوەندیدار، شۆفێران داواکارن چاڵەکان پڕ بکرێنەوە، لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێت تاوەکو وەرزی زستان تەواو نەبیت نایوانن چاکی بکەن.

وەلی عومەر شۆفێرێکە کە رۆژانە بەو رێگایە هاتوچۆ دەکات بە 964ـی وت “رێگاکە چاڵی زۆری تێدایە و بووەتە گرفت بۆمان داواکارین لە رێگای ئێوە دەنگمان بگات بە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی چاڵەکان پڕ بکرێنەوە”.

بەقسەی ئەم شۆفێرە چاڵەکان زۆر قوڵن ئەگەر سەیارە لێی بدات تایەی سەیارەکانیان پەنجەر دەکات، ئەگەریش لێی لابدەن مەترسی ئەوە هەیە توشی روداوی هاتوچۆ بن.

خوسرەت سادق بەڕێوەبەری گشتی چاککردنی رێگاوبانی سۆران بە 964ـی وت لە رێگای هاملتۆن گرفتی دروست بونی چاڵیان هەیە کە بەهۆی کۆنی قیرەکە و هاتنی وەرزی زستان دروست دەبن. بەڵام دەڵێت “بەهۆی ئەوەی ئێستا هیچ کارگەیەکی قیر کار ناکات ناتوانین چاکی بکەین تاوەکو بەهار”.

وتیشی ‘داواکاریمان پێشکەشی وەزیری ئاوەدانکردنەوە کردوە بۆ دابینکردنی جۆرێکی قیر کە بە قیری سارد ناسراوە بەڵام لەکوردستان نیە تاکو ئێستاش بۆمان دابین نەکراوە”.

رێگای هاملتۆن رێگایەکی گرنگی بازرگانی هەرێمی کوردستانە، دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە هەولێر دەبەستێتەوە.

پێداچوونەوە؛  فەرهاد حەسەن