"بارانێکی سێ رۆژە لە رێگایە"
پێشبینیی دوو کەشناس؛ شەپۆلەکەی چوارشەممە لافاویش دروست دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
هەرێمی کوردستان، بۆ رۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی ئەم هەفتەیە، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دابارینی بەفر و باران و پێشبینیی دروستبوونی لافاویش دەکرێ، کە نزمەپەستانی دەریای سوور و ناوەڕاستە و دێنە ئاسمانی ناوچەکە.
ئەمە پێشبینیی دوو کەشناسە، کە قسەیان بۆ 964 کردووە، تا ئێستا کەشناسیی هەرێمی کوردستان هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی نییە، بەڵام لە رێگەی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەوە بە 964 یان وت، لە کاتی خۆیدا بڵاوکراوەیان دەبێت، بە وتەی ئەو دوو کەشناسە بێت، یەکگرتنی هەردوو نزمەپەستانەکە وادەکات، زیاتر کاریگەرییەکەی لە رۆژی پێنجشەممەدا دەربکەوێت.
قهرهداغ له مەترسی دروستبوونى لافاو سهلامهته
ههولێر به زیاتر له 2 ملیار دینار رێگه له لافاو دهگرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 12.2.2024، محەمەد کەلاریی کەشناس بە 964ی وت، بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستن، پێشبینیی دابارینی بڕێکی زۆر لە بارانی بەخوڕ، بەفر بۆ لووتکەی چیاکان، روودانی هەورە بروسکە دەکەین، لەگەڵ دابارینی تەرزە و دروستبوونی لافاو، ئەم شەپۆلەش تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بە قسەی ئەو کەشناسە بێت، پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن و کەشێکی زستانی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، وتیشی، لەگەڵ ئەمەشدا پێشبینیی دەکەین، ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر، موسڵ، ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیانیش برێکی زۆر باش باران ببارێت و مەترسی کەمئاوی بڕەوێنێتەوە.
هاوکات پشتیوان ئیبراهیم، کە ئەویش کەشناسە، بە 964ی وت، لە شەپۆلەکەدا ئەگەری دروستبوونی لافاو و ئاستەنگی هاتوچۆ هەیە، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە، چونکە چەقی شەپۆلەکەیە و باشترە هاوڵاتیان خۆیان بە دوور بگرن لە شوێنە بەرزەکان و شوێنە کراوەکان، بە تایبەتی لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا.