شارەوانی دەڵێت "دەستمان نایگاتێ"
قەراخ بەنداوی دهۆک بووەتە زبڵخانە و کەس خۆی لێ ناکات بە ساحێب
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
بەهۆی ئەوەی گەشتیارێکی زۆر هەفتانە سەردانی قەراخی بەنداوی دهۆک دەکات، تێبینیکراوە بەردەوام رێژەی زبڵ و خاشاک لەو ناوچەیە کەڵەکە دەبێت، شارەوانیش دەڵێت، لە دەرەوەی سنووری ئێمەیە.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت، “ئەو کۆمپانیایەی لەگەڵ شارەوانی گرێبەستی هەیە بۆ هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک، تەنیا بۆناو شارە، ئەوان چەندجارێک وەک هاوکاری ئەو شوێنەیان پاککردوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بەنداوی دهۆک دەکەوێتە دەرەوەی سنووری شارەوانی بۆیە ئەو کۆمپانیایە پابەند نییە بە پاککردنەوەی بەردەوام”.
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک ئەمەشی وت، “پێویستە بەنداوی دهۆک خۆی چارەسەرێک بۆ ئەو زبڵ و خاشاکە بدۆزێتەوە، ئێمە هیچ بڕیارێکمان نییە بۆ خاوێنکردنەوەی”.
فەرهاد محەمەد تاهیر، بەڕێوبەری بەنداوی دهۆک بۆ 964 وتی، “ئێمە لەسەر ئەو بابەتە هیچ قسەیەکمان نییە”.
بەنداوی دهۆک دەکەوێتە باکوری شاری دھۆک لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 1988 بە مەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ کشتوکاڵ کردن بونیادنراوە، ئێستا 28 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی لێ کۆکراوەتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی