پۆلیسی هەولێر ئاماری خۆکوشتنی ژنان ئاشکرا ناکات

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

ساڵی پار 77 کەس لە هەولێر خۆیان کوشتووە، بەڵام پۆلیسی هەولێر ئامادە نییە ئەوە ئاشکرا بکات کە چەندیان ژن بوونە.

بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ساڵی 2022 رووداوەکانی خۆکوشتن لە هەولێر 77 کەیس بووە، بەڵام بەبێ ئەوەی لەو ژمارەیە ئاماژە بە جیاکردنەوەی ژمارەی خۆکوشتنی ژنان و پیاوان بکات.

 +964 لەبارەی ئەو داتایەی خراوەتەڕوو پرسیاری لە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر کرد، ئەو تەنیا هێندەی وت “ئەو داتایە هی ژنان و پیاوان بەیەکەوەیە و جیایان ناکەینەوە”.

ئاری رەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، دەڵێت: پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی هەر کەیسێکی کوشتن لای پۆلیسە و داتاکانیش تەنیا لای ئەوانە، ئێمە خۆمان دوورگرتووە لە بڵاوکردنەوەی ئەو داتایانە.

+964 ئاماری خۆکوشتنی ژنانی لە رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان وەرگرتووە کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندووە، ئەوان دەڵێن تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی 2022ـدا 26 کەیسی ژن هەبووە، لەو ژمارەیە نۆ ژن خۆیان کوشتووەو حەوت ژنیش کوژراون و 10 ژنیش خۆیان سووتاندووە.

بڵاو نەکردنەوەی ئامار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە کاتێکدایە پێشتر ئەو دەزگایە بەشێوەی مانگانە ئاماری بڵاودەکردەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی +964 بە بڕیاری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بڵاوکردنەوەی ئامار راگیراوە.