ئۆفەرەکە تایبەت بە تازە زاواکان
ئاهەنگتان کرد دابینکردنی کورسییەکان خۆڕاییە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
نووسینەگەیەکی بەکرێدانی کورسی لە چەمچەماڵ ماوەی هەفتەیەکە ئۆفەرێکی راگەیاندووە و کورسی و مێز بێبەرامبەرە، بۆ ئەوکەسانەی تازە هاوسەرگیری دەکەن.
لەچەمچەماڵ هیچ هۆڵێکی تایبەت بە ئاهەنگی مارەبڕین و بوکگواستنەوەی نییە و لە ناو باخەکانی شارەوانیدا خەڵکی ئاهەنگ دەگێڕن.
باخەکانی شارەوانی بێ بەرامبەرە، بەڵام زاوا دەبێت لەسەر حسابی خۆی مێز و کورسی بەکرێ دابین بکات و بیبات بۆ ئەو باخەی ئاهەنگەکەی تێدا ئەنجام دەدات
شوان فازیل گەنجێکی چەمچەماڵە و نووسینگەی بەکرێدانی کورسی هەیە بۆ شایی و پرسەکان، بە 964ـی وت، “بەهۆی ئەوەی موچە لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت و خەڵکی توانای دارایی باش نییە، بۆیە ئەم دیارییە بچووکەمان بۆ کەسانی تازە زاواهەیە”.
وتیشی، لە ماوەی ئەم هەفتەیە نۆ زاوا سوودمەند بون و چەندین زاوای دیکە نۆرەیان گرتووە بۆ رۆژی ئاهەنگەکەیان کورسییان بۆ دابین بکرێت، “تەنیا سبەی هەینی چوار زاوای دیکە سوودمەند دەبن لەم دیارییە”.
ئەم ئۆفەرە بۆ هەموو تازە زاوایەکانە، ئەگەر لە شوێنانی دیکە کورسی ببەن بەکرێ، دەبێت بە لایەنی کەمەوە 300 هەزار دینار کرێی کورسی بدەن، جگە لە خەرجی خواردن و خواردنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی