قایمقامی دەربەندیخان وا دەڵێت
“چاڵەکانی دەربەندیخان بۆ کەلار بە کاتی پڕدەکەینەوە”
964+
ئەحمەد مستەفا
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، تا گەرمیان و سلێمانی قیرێکی تۆکمەی رێگاکان دەکەن، تیمەکانی رێگاوبان و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت چاڵ و چۆڵییەکانی رێگای دەربەندیخان بۆ کەلار پڕدەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7.2.2024، قایمقامی دەربەندیخان بەڕێوبەرەی هاتوچۆی قەزاکە سەردانی رێگای دەربەندیخان بۆ کەلاریان کرد، رێگەی نێوان ئەو دوو شارە 41 کیلۆمەترە، گوژمەی دووسایدکردنی 137.7 ملیار دینار بوو، بەڵام بەهۆی کارکردن تێیدا پچڕ پچڕ بووە.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی وت، رێگاکە کە چاڵی چۆڵی زۆری تێکەوتووە و بووەتە جێگای نیگەرانی خەڵک و شۆفێران بە تایبەت، بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان و کۆمپانیای بێشکان، هەستاون بە چاکسازی لە ئەو گرفت و کەمکورتییانەی لەو شەقامەدا دروستبووە.
چوار کەس لە رێگای دەربەندیخان - کەلار گیانیان لەداستدا و وانەبێژانیش موچە وەردەگرن
بە قسەی قایمقام بێت، چارەسەرکردنی چاڵ و چۆڵییەکە، بەشێوەیەکی کاتی دەبێت، “نوسراومان ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیان کردووە تا لە ماوەیەکی نزیکدا زۆر بە تۆکمەیی قیری تەواو بکرێت، و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبانی سلێمانی دەستبکەنەوە بە کارکردن لە دووسایدی رێگاکەو کارکردنی خێرا لە دووڕیانی ژاڵەناو و پردی دێوانە.
رۆژی 11.11.2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە دوو سایدی دەربەندیخان بۆ کەلار کرد و وتی، نزیکەی 63%ی پرۆژەکە جێبەجێ کراوە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبین، کۆتایی هاوینی ساڵی 2024 رێگەکە تەواو دەبێت.