غازی پێدا تەقیوەتەوە
کرێکارێکی ئێرانی لە دهۆک سووتا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
کرێکارێکی بیانی، کە ئێرانییە و لە دهۆک کاردەکات، لە یەکێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە دهۆک بە ناوی “کایار ستی” دادەنیشیت، ئەمڕۆ لە کاتی دروستکردنی خواردن سووتا.
کرێکارەکە لە شوقەکەیدا بە تەنیا دەژێت و بە رێژەی 35% لاشەی سووتاوە.
د.شیرین ئەنوەر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک، بە 964ی وت، درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ کرێکارێکی ئێرانی گەیەندرایە نەخۆشخانەی سووتان لە دهۆک، کە بەهۆی بوتڵی غازەوە، کە لە کاتی خواردن دروستکردندا پێیدا تەقیوەتەوە، بە رێژەی 35% لاشەی سووتاوە.
وتیشی، کەسەکە تەمەنی 38 ساڵە و لە شوقەکەی خۆیدا رووداوەکەی بەسەردا هاتووە و دواتر نێردراوە بۆ نەخۆشخانە، ئێستادا دۆخی تەندروستی باشە و چارەسەری تەواوی بۆ دەکرێت لەلایەن پزیشکەکانەوە.
بەپێی زانیاری 964 کرێکارەکە لەگەڵ کۆمپانیایەک کار دەکات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا