باسی هەڵبژاردنیشی کرد
پلاسخارت: بۆ سەقامگیری پێویستە بەغدا بودجەی هەرێم بنێرێت
964+
ژووری هەواڵ
جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە بارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، بەهۆی گرفتە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە خەڵک رووبەڕووی سەختی دەبنەوە و پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 6.2.2024، پلاسخارت لە وتارێکیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش لە بارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ستایشی بڕیاری حکومەتی عێراقی کرد بۆ ناردنی دواین گوژمەی ئەو پارەیەی، کە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج دەکرێت و وتی، “هەنگاوێکی باشە،” بەڵام پێویستە بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی سەقامگیری بێتە ئاراوە.
لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نیگەرانیی خۆی لە دواخستنەکەی دەربڕی و وتی، “ئەمە یارمەتیدەر نییە بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی عێراق.”
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا، ناتالی ئێستیڤال، نوێنەری فەرەنساش قسەی لە بارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کرد و وتی، هیوادارین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە زووترین کات ئەنجام بدرێن.