ئاگاداربن تێنەکەون
ئاسایشى هەولێر لە بارەى گرووپێکەوە هۆشدارى دەدات
964+
وریا فەتاح
ئاسایشى هەولێر هۆشداریی دەدات لە بارەى گرووپێکەوە، کە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک و ئینستاگرامەوە دەبن بە هاوڕێت و دواتر ڤیدیۆکانتان تۆمار دەکەن و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەیدا، داواى پارە دەکەن.
وەک ئەوەى ئاسایشى هەولێر بڵاوى کردووەتەوە، ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو، لە هەردوو رەگەزی پیاو و ئافرەت كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن و خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك.
وەک ئەوەى روونکراوەتەوە، دواى ئەوەى ئەو کەسانە خۆیان دەکەن بە هاوڕێیان، کامێرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم رێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی “تێکەوتوو” تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.
بەپێى ئاگادارکردنەوەکەى ئاسایش بێت، کۆى پڕۆسەکە بەم شێوەیەیە: پێش ئەوەى قسە لەگەڵ کەسەکە بکەن، سەرەتا لەگەڵ هاوڕێ و نزیکەکانى لە فەیسبوک خۆیان دەکەن بە هاوڕێ، دواتر کە گرتە ڤیدیۆییەکە تۆمار دەکەن، بۆ هەموو ئەو کەسانەى دەنێرن و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەى داواى پارەى لێدەکەن.
“شێوازی پارەدانەکە بە رێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت”، ئاسایشى هەولێر بەم شێوەیە روونى کردووەتەوە.
ئاسایشى هەولێر داواش دەکات، ئاگاداری پەیوەندییەكانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک مەکەن، کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.