نەسڕی سعوودی هەر بە رۆناڵدۆوە ناوەستێ

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

دوای گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ماركۆ رۆیسی كاپتنی یانه‌ی بۆروسیا دۆرتموندی ئه‌ڵمانی ده‌دات.

بریکاری مارکۆ رۆیسی کاپتنی یانەی بۆروسیا دۆرتموند ئەو راستییەی ئاشکرا کرد، کە یاریزانەکە رووی لە یانەی نەسری سعوودی کردووە و چاوه‌ڕێی كۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەكه‌ی ده‌كات.

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان رایانگەیاند، یانه‌ی نه‌سڕ دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ رۆیس بکات، دوای سەرکەوتنی لە ئەنجامدانی گرێبەستێکی مێژوویی بە گواستنه‌وه‌ی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.

دێرک هێبی، بریکاری رۆیس لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی شپۆرت بێڵدی ئه‌ڵمانی وتی، شتێکی سروشتییە یانەکانی دیکە ئارەزووی یاریزانێکی وەک مارکۆ بكه‌ن، بە تایبەتی گرێبەستەکەی لە شه‌ش مانگی داهاتوودا کۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەش کردووه‌، رۆیس درک بەوە دەکات دۆرتموند چەندە گرنگە بۆی، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیەوێت له‌ یاریكردن بەردەوام بێت، بۆیه‌ دەبێت سەیری بژارەی دیکە بکەین و ئەمەش شتێکی ئاساییە.

مارکۆ رۆیس…فۆتۆ: Getty Images

یاریزانە ئەڵمانییەکە ساڵانە لەگەڵ دۆرتموند مووچەی 12 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، ئەوا دەبێت دەستبەرداری بەشێک لە مووچەکەی بێت، بەتایبەتی به‌هۆی تەمەنییه‌وه‌.

ماركۆ رۆیس یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی ئه‌ڵمانیا و بۆندسلیگا، ئێستا ته‌مه‌نی 33 ساڵه‌ و كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بۆروسیا دۆرتموند كۆتایی دێت، كه‌ له‌ 2012ـه‌وه‌ له‌وێدا یاریی ده‌كات.