لە خانەقین هەوڵ دەدرێت وەک جاران سینەما هەبێت

+964 

راژان باجەڵان – خانەقین

لە خانەقین زیاتر لە 40 ساڵە هۆڵى سینەما بوونى نەماوە، لە کاتێکدا لە ساڵى 1895ـەوە، یەکەمین دەرکەوتنى شانۆیى کە ئەوکات بەشێوەى بێدەنگ بووە لە شارەکە بوونى هەبووە.

ماجد شالیار، بەرێوەبەری سەنتەری کلتوری خانەقین بە 964ی وت،”لە ساڵانی 1980ـەوە و لەگەڵ جەنگی عێراق و ئێران سینەما لە شاری خانەقین نەماوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەند جارێک هۆڵى سینەماکانمان بەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران کەوتن و لەو کاتەوە سینەما لە شارى خانەقین نەماوە”.

ئێستا لە هۆڵێکی سەنتەری کلتوری خانەقین و لەڕێی داتاشۆیەک و پەڕۆیەکی سپییەوە، فیلم نیشان دەدرێت و بە وتەى ماجد شالیار، ئەوەش بۆ ئەوەیە ناوی سینەما لەم شارە لەناو نەچێت، هەرچەندە لەسەر مۆبەیلەکانیانەوە دەتوانن سەیری ئەم فیلمانەش بکەن، بەڵام وەک دەڵێت: هیچی وەک ئەوە نابێت لە سینەما سەیرى

باهیر وەندی، یەکێک لە ئامادەبووانی هۆڵى سنتەرى کلتورى خانەقین کە بۆ سەیرى فیلم سەردانى هۆڵەکەى کردووە بە 964ی وت،”ئێرە بووەتە شوێنى کۆبوونەوەی سەرجەم هونەرمەندان و رۆشنبیران و بەم کارانە خەریکە دووبارە خێزانە خانەقینییەکان بە سینەما و فیلمە جیهانییەکان ئاشت دەکرێنەوە”.

سەرەڕاى ئەوەى تائێستا هۆڵیکى سینەماى مۆدێرن لە خانەقین نیە، بەڵام خێزانەکان بە پەرۆشەوە رۆژانی هەینی روو دەکەنە سەنتەرەکە بە مەبەستی بینینی فیلمەکان و ناهێڵن سینەما لە شارەکەیاندا بمرێت.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح