بێ مووچەیى هۆکارە
لە سلێمانی بازاڕى کەلوپەلى دەستى دوو بەتەواوی سست بووە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بێ موچەیى و قەیرانى دارایى بازاڕى کەلوپەلى دەستى دووى سست کردووە، فرۆشیارانی مەزادخانەى دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەڵێن: چوار مانگە بەتەواوی بازاڕمان وەستاوە.
دڵشاد رەسوڵ، یەکێک لە فرۆشیارانى بازاڕەکەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: ساڵانێکە لەو بازاڕە کاردەکەم، هیچ کاتێک هێندەى ئێستا بازاڕمان لاواز نەبووە، ئەم ماوەیە ئەگەر کڕیارێکیشمان هەبووبێت هاوڵاتى شارەکانی دیکەی عێراق بووە و خەڵکی خۆمان نایەن.
“بۆ نموونە، تەباخێک لە بازاڕ بە 300 هەزارە و من دەیدەم بە 150 هەزار دینار، پێشتر هاوڵاتییەکی زۆر کەلوپەلی دەستى دوویان لێدەکڕین، بەڵام ئێستا توانای کڕینی ئەوەشیان نەماوە”، ئەو فرۆشیارە واى بە 964 وت.
شێوازى مامەڵە و کڕین و فرۆشتنى کەلوپەلى دەستى دوو بەچەند شێوەیەکە، یان فرۆشیارەکان بە گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و دەیکڕن، یان لەو هاوڵاتیانەى دەکڕن کە دەیهێنن بۆ بازاڕەکە، کڕین و فرۆشتنى ئۆنلاینیش یەکێکى دیکەیە لە رێگاکان.
بەشێک لە خەڵکى بەهۆى نەبوونیەوە کەلوپەلەکانى ماڵەوەیان دەفرۆشن، قادر ئەحمەد، کە یەکێکی دیکەیە لە فرۆشیارەکانی ئەو بازاڕە، بۆ 964 قسەى کردووە و وتى،”مانگی رابردوو کەسێک هاتە لای من تەلەفزیۆنێکی پێبوو وتی بۆیە دەیفرۆشم تا خواردن بۆ منداڵەکانم بکڕم”.
بەپێى بەدواداچوونەکانى 964، ئەو بێبازاڕییەی مەزادخانەکە کێشەی کرێی بۆ فرۆشیاران دروست کردوە و بەشێکیان بەهۆیەوە کرێى چەند مانگێکیان نەداوە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح