بۆچی باوکی کچەکوژەکەی هەولێر هەشت مۆبایلی پێبووە؟

964+

هێمن بەکر – هەولێر

ئەو باوکەی تۆمەتبارە بە کوشتنی کچەکەی لە هەولێر و دوێنێ خۆی رادەستی پۆلیس کرد، هەشت مۆبایل و ئایپادێکی لێگیراوە، بەڵام ئایا ئەو هەموو مۆبایلەی بۆچی بووە؟

لەوبارەیەوە، 964+ قسەی کرد لەگەڵ هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەو هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە باوکەکە “فرۆشیاری” مادەی هۆشبەر بووە.

هۆگر عەزیز باسی لەوە کرد، تەنیا هۆکارێک کە ئەوان وەکو پۆلیس بیزانن ئەوەیە کە ئەو پیاوە کڕین و فرۆشتنی بە مادەی هۆشبەر کردووە، هەر بۆیە ئەو هەموو ئامێرەی لە خۆی کۆکردووەتەوە.

لە جیهاندا، بازرگانەکانی مادەی هۆشبەر بەوە ناسراون کە زۆرترین مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی هەڵدەگرن، لە ترسی ئه‌وه‌ى به‌ ئاسانى ئاشكرا نه‌بن بوون.

ئەو پیاوە تەمەنی 35 ساڵە، رۆژی هەینی، 6ی کانونی دووەمی 2023، لە گەڕەکی موفتى هەولێر کچێکی 15 ساڵانی خۆی کوشتووە، بە قسەی پۆلیسی شارەکە.

رۆژێک پاش کوشتنی کچەکەی، خۆی رادەستی پۆلیس کرد، ئەو مۆبایلانە و چەندین کەرەستەی جەنگیی وەکو چەقۆ و دەمانچەی پێگیراوە، ئەوە جگە لە ئامێری کێشانی مادەی هۆشبەر.