دوای بەدواداچوونی 964 دەرکەوت
خواردنگەیەک لە هەولێر مۆڵەتی بەرگری شارستانی نییە بۆ دانانی سیستمی غازی LPG
964+
فەهمی نەبی
هاوڵاتییەک وێنەیەکی بۆ 964 ناردووە دەڵێت، “خواردنگەیەک لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر لەکاتی نەگونجاو غازی LPG بۆ هاتووە و تانکی غازی بۆ پڕ دەکرێتەوە، ئەمەش مەترسی هەیە بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان”. دوای سۆراغ دەرکەوت ئەو خواردنگەیە مۆڵەتی بەرگری شارستانی نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەرێگەی لیژنهی باڵای بەرگریی شارستانی بۆ غازی LPG سەروسۆراغی ئەو بابەتەمان کردووە، بەم ئەنجامە گەیشتین:
موقەدەم مامەند ساڵح بهرپرسی لیژنهی باڵای بەرگریی شارستانی غازی LPG بۆ 964 قسەیکرد وتی، “بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە، شوێنەکە بۆ بەتاڵکردنی غازەکە و وەستانی لە شوێنەکە کێشەی نییە، بەڵام ئەو خواردنگەیە لەلای بەرگری شارستانی بۆ پشکنینی سیستمی غازی LPG مۆڵەتی نییە و ناوی تۆمارنەکراوە”.
“ئێمە کۆمپانیاکانی غازی LPG-مان ئاگادارکردوەتەوە، ئەوان بەشی زۆریان پابەندی رێنماییەکان نین، هەر شوێنێک غازی بۆ ببەن دەبێت لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ پشکنینی بۆ کرابێت و مۆڵەتی بەرگری شارستانیان لابێت ئینجا تانکیەکانیان بۆ پڕ دەکرێتەوە”. موقەدەم مامەند ساڵح ئەمەی وت.
بەرگری شارستانی سزای یەک تا سێ ملیۆنی بۆ هەر کۆمپانیایەکی غازی LPG داناوە، ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبن.
964 پەیوەندیکرد بە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر دەڵێت، “لیژنەمان هەیە سەردانی شوێنەکە دەکات، ئەگەر سەرپێچیان کردبێت سزا دەدرێن”.
سێ هەفتە لەمەوبەر 964 لەرێگەی پارچەیەک ڤیدیۆ، مەترسیەکی گەورەی سەر شەقامی ئیسکانی بە قایمقامیەتی هەولێر گەیاند.
964 مەترسیەکی گەورەی سەر شەقامی ئیسکان ئاشکرا دەکات
دواتر لیژنەیەک پسولەیەکی سەرپێچی بەبڕی سێ ملیۆن دینار بۆ ئەو کۆمپانیایەی غاز نارد.