شوێنەکە بوو بە موڵکی شارەوانی

لە قەڵادزێ رۆژانە نزیکەی 60 تۆن خۆڵ و خاشاک دەخرێتە ژێرزەوی

964+

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی قەڵادزێ ئەو زەوییە لە وەزارەتی کشتوکاڵ وەردەگرێت، کە رۆژانە خۆڵ و خاشاکی شارەکەی لێدەشارێتەوە و دەیخاتە سەر ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە.

پێشتر پاشماوە و خۆڵی قەڵادزێ لەسەر و ئاوی خاسەوە فڕێدەدرا، کە بە وتەی سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ جێگای مەترسی بووە، بەڵام بە وەرگرتنی ئەو زەوییە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن.

ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ بە 964ـی راگەیاند، رووبەری ئەو زەوییە 25 دۆنمە و لەسەر ناوی وەزارەتی کشتوکاڵ بووە و وەزیری کشتوکاڵ رەزامەندی دا بخرێتە سەر شارەوانیی قەڵادزێ.

سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ ئەمڕۆ سێشەممە 30.1.2024 بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کردبوو.

بە وتەی ئارام محەمەد، شارەوانییەکەیان رۆژانە لە نێوان 55 بۆ 60 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە.

دانیشتووانی قەڵادزێ نزیکەی 100 هەزار کەسن.

“لەو شوێنەی خۆڵ و خاشاکەکە فڕیدەدرێت، بەردەوام بلدۆزەری لێیە و ئەوەی فڕیدەدرێت دەشاردرێتەوە و دەخرێتە ژێرزەوی”، ئەوەش قسەی ئارام محەمەدە.

شەقامەکانی قەڵادزێ هێمای هاتوچۆیان بۆ دانرا

شەقامەکانی قەڵادزێ هێمای هاتوچۆیان بۆ دانرا