سبەینێ چوارشەممە
تێبینەرایەتیی باجی ئۆتۆمبێل لە ناو هاتوچۆی سلێمانی دەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، سبەی چوارشەممە تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکرێتەوە و دەڵێت، لەمەودوا کار بە ئەستۆپاکیی هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک ناکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ سێشەممە 30.1.2024 بڵاوی کردووەتەوە، کردنەوەی ئەو فەرمانگەیەی باج بە مەبەستی کارئاسانی و کەمکردنەوەی رۆتین و قەڕەباڵغی هاتووچۆی ناو شارەکان و زووتر راییکردنی مامەڵەی باجی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانە.
ئاماژە بەوەش دراوە، گشت مامەڵەکانی (کڕین و فرۆشتن و نوێکردنەوە و گۆڕینی تایبەتمەندی و هەڵوەشاندنەوە) بۆ هەڵگری تابلۆی (سلێمانی-21) لەناو تێبینەرایەتیی باجی ئۆتۆمبێل/سلێمانی ئەنجام دەدرێت و کار بە ئەستۆپاکی هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک ناکرێت لە هاتوچۆی سلێمانی، جگە لە ئەستۆپاکیی تێبینەرایەتییەکەی خۆیان.
راگەیەندراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی باس لەوەش دەکات، بۆ مامەڵەی تۆماری یەکەم جاری ئۆتۆمبێلی (بارهەڵگر و ئینشائی) پێویست ناکات سەردانی تێبینەرایەتیی باجی ئۆتۆمبێلی سلێمانی بکرێ و راستەوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی کاری بۆ دەکرێت.
“ئەو هاوڵاتیانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان پێشتر لە فەرمانگەیەکی باج لە پارێزگایەکی هەرێم تۆمار کردووە و باجی چەند ساڵێکی پێشکەش کردووە، پێویستە ئەو هاوڵاتییە ئەستۆپاکی لەو فەرمانگەیە بهێنێت و رێکەوتی دوایین باجی پێشکەشکراو دیاری بکرێ و دواتر بیهێنێ بۆ تێبینەرایەتیی باجی ئۆتۆمبێلی سلێمانی”، راگەیەندراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی وای نووسیوە.