لە هاوینی داهاتوو بەڕێوە دەچێت

حكومه‌ت پاڵپشتی به‌ڕێوه‌چوونی جامی کۆنیفای له‌ كوردستان دووپاتکردەوە

+964
‎هێژا خەسرەو ـ هەولێر

‎به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وەرزشی کوردستان پاڵپشتیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ بەڕێوەبردنی جامی كۆنیفا له‌ كوردستان دووپاتكرده‌وه‌.

‎سەردار ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌رزش لە لێدوانێکدا بە 964ی راگەیاند: کۆبوونەوەمان له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان باش بەڕێوەچوو، بەڵێنی پاڵپشتیمان دووپاتکردەوە و هەموو پاڵەوانیەتییەکانی كوردستان و جامی كۆنیفاش بەبێ کێشە بەڕێوەدەبەین.

‎سەردار دەڵێت: لەسەر جامی کۆنیفا قسەمان کرد، گرفتێکمان نییە و بە هاوکاری و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییه‌كه‌ له‌ كوردستان

‎لەگەڵ ئەمانەدا باس لە چەند کێشە و گرفێک و چەند پێداویستییەکیش کرا، بەڵێنی چارەسەرکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانیش دران، سه‌ردار ئیسماعیل وای وت.

‎پاڵەوانیەتی کۆنیفا، تایبەتە بە هەڵبژاردەی هەرێمەکان و لە هاوینی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لە هەفتەیەکدا دوو گەڕ بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی، ئەم وەرزە زوو کۆتاییبێت و هەڵبژاردەی کوردستان بۆ پاڵەوانیەتییەکە ئامادەبکرێت.

ئەم پاڵەوانیەتیە لە حوزەیرانی ساڵی 2013ەوە دەستیپێکردووە، نوێنەرایەتی ئەو تیپ و ناوچانە دەکات، کە پەیوەندییان بە فیفاوە نییە، هەڵبژاردەی کوردستان پێشتر جارێک نازناوی ئەم پاڵەوانیەتییەی بەدەستهێناوە و ئەمساڵیش میوانداریی پاڵەوانیەتییە ده‌كات.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

"شاندی کۆنیفا به‌ یاریگه‌كانی دهۆك و زاخۆ سه‌رسام بوون"