لە ئێران

چوار بەندکراوى سیاسی کورد لە سێدارەدران

964+

وریا فەتاح

بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە، سزاى لەسێدارەدانى چوار بەندکراوى سیاسیى کورد جێبەجێکرا، ئەوەش دواى 18 مانگ لە دەستگیرکردنیان.

رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو بڵاوى کردەوە، کاتژمێر 5:00ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی (موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی)، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا.

لە سێدارەدانى ئەو چوار بەندکراوە لە کاتێکدایە، وەک ئەوەى رێکخراوى هەنگاو دەڵێت: دۆسیەکەیان ناڕوون بوو، لە ماوەی 18 مانگ دەستبەسەربوونیان لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بوون.

ئەم چوار بەندکراوە رۆژی یەکشەممەى رابردوو، بۆ یەکەمجار و دواجار لە بەندیخانەی ئێڤین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام دابوو، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ ئەم چوار بەندکراوە بۆ جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج گواسترانەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو وێڕای ئیدانەکردن سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، رایدەگەیەنێت کە تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش، کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا رەچاو نەکراوە و پرۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەو چوار چالاکە کوردە بە تەواوەتی ناڕوون بووە.

رێکخراوی هەنگاو: گەنجێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی ل...

رێکخراوی هەنگاو: گەنجێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا