964+
لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانە
لە چوار قەزاى ئیدارەى سۆران بەڕێوەبەرایەتى کارەبا دەکرێتەوە
964+
وریا فەتاح
بڕیاردراوە بە کردنەوەى چوار بەڕێوەبەرایەتى کارەبا، بۆ چۆمان و خەلیفان و رەواندز و مێرگەسور، کارەباى سۆرانیش دەڵیت: چیتر خەڵکى ئەو شوێنانە پێویست ناکات بێن بۆ سۆران.
لەبارەى کردنەوەى ئەو چوار بەڕێوەبەرایەتییە، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سۆران قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: رەزامەندى ئەنجومەنى وەزیرانیان بۆ دەرچووە ، تەنیا رێکارى کردنەوەى یەکەى حسابى و هەندێ کارى دیکەیان ماوە، وەک دیاریکردنى شوێنێک بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە و دیاریکردنى کەسێک وەک بەڕێوەبەر.
“کارمەندەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە پێکدێن لە کارمەندانى بەشى صیانە و فەرمانگەکانى سنورەکە، بەڵام رەنگە کێشەى پسپۆڕیان هەبێت، ئەوەش یان بە گواستنەوە یان بە دامەزراندن بەشێوەى گرێبەست، چارەسەر دەکەین”، ئەردەوان ئیبراهیم واى بە 964 وت.
دەشڵێت: چەندین کارمەندى کارەباى سۆران خەڵکى ئەو قەزایانەن، لە کاتى کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتییەکان، دەتوانن راژەکانیان بگوازنەوە.
بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سۆران، کردنەوەى ئەو چوار بەڕێوەبەرایەتییە بە بەرژەوەندى هاوڵاتییانى ئەو سنورە وەسف دەکات و دەڵێت: کارئاسانییەکى زۆر باشە بۆ دانیشتوانى ئەو قەزایانەو چیتر پێویست ناکات بۆ رایکردنى ئیش و کارەکانیان روولە سۆران بکەن.