رێكخراوى دڵژین: نایه‌ڵین خوێن له‌ بانكه‌كان كه‌م بكات

خوێن بۆ نه‌خۆشانى تالاسیماى ئاكرێ كۆكرایه‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ ناحیه‌ى داره‌تووى سه‌ر به‌ به‌رده‌ڕه‌ش هه‌ڵمه‌تێكی خوێنبه‌خشین ئه‌نجام درا و خوێنی كۆكراوه‌ش بۆ نه‌خۆشانى تالاسیماى قه‌زاى ئاكرێ ناردرا.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی “دڵژین”ی خوێنبەخشین ئه‌نجام درا و بووه‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵمه‌تیان له‌مساڵدا.

هیوا محه‌مه‌دئه‌مین سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ 964ـى وت، هه‌ڵمه‌تى ئه‌مجاره‌یان تایبه‌ت بوو به‌ نه‌خۆشانى تووشبووى تالاسیما له‌ سنوورى ئاكرێ.

وتیشی “له‌ نه‌خۆشخانه‌ى گوڵان له‌ ئاكرێ، رۆژانه‌ 14 نه‌خۆشى تالاسیما خوێن وه‌رده‌گرن و له‌ سنوورى ئه‌و قه‌زایه‌ش 245 نه‌خۆش تۆماركراون”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان له‌ بانكه‌كانى خوێن له‌ به‌رده‌ڕه‌ش و ئاكرێ هه‌یه‌ و هه‌ركاتێك پێویستیان به‌ خوێن بێت بۆیان دابین ده‌كه‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و خوێنه‌ى كۆیده‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نیا بۆ نه‌خۆشانى تالاسیما نیه‌ به‌ڵكو بۆ به‌شه‌كانى فریاكه‌وتن و به‌شی منداڵبوون و به‌شه‌كانى دیكه‌ى ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌شه‌.

رێكخراوى دڵژین دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی خۆبه‌خشه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، ته‌نیا له‌ ساڵى 2023 توانیویانه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار بتڵ خوێن بۆ بانكه‌كانى خوێن له‌ ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش كۆبكه‌نه‌وه‌.

لە زاخۆ خوێنبەخشین بوو بە ئۆنڵاین

لە زاخۆ خوێنبەخشین بوو بە ئۆنڵاین