نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ. وێنە: 964
لە زاخۆ خوێنبەخشین بوو بە ئۆنڵاین
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
تەندروستی زاخۆ فۆرمێکی ئۆنڵاینی بڵاوکردووەتەوە، داوا دەکات هەرکەسێک خوێنی زۆرە خۆی ناونووس بکات، تا لە حاڵەتی پێویستدا بانگی بکەن بۆ خوێنبەخشین.
لە فۆرمەکەدا، خوێنبەخشەرەکە دەبێت زانیاری لەسەر خۆی و جۆری خوێنەکەی بدات.
دکتۆر سیروان ئەحمەد بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئەم هەنگاوە بیرۆکەی ئێمە بووە و زۆر گرنگە، چونکە لە کاتی هەبوونی حاڵەتێکی فریاکەوتن دەتوانن بەئاسانی ناوی ئەو خوێنبەخشانە بەدەستبهێنین و یەکسەر خوێن بۆ نەخوش دابین بکەین”.
964 دەزانێت، تەنیا لەماوەی 16 کاتژمێری رابردوودا کە لینکەکە بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 200 کەس خۆیان ناونووس کردووە.
تەندروستی زاخۆ هیوا دەخوازێت شوێنەکانی دیکەش هەمان رێکار بگرنەبەر.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان کاتێک نەخۆشێک پێویستی بە خوێنە یان لە بانکی خوێن بۆی دابین دەکرێت یان بانگەوازی هاوکاریی بۆ دەکرێت.