ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا؟

دوێنێ شەو چی روویدا لە کۆرمۆر؟

964+

توانا نەقی

کاتژمێر 10:30 خولەکی دوێنێ شەوی پێنجشەممە بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قادرکەرەم و ئاگر لەناو وێستگەیەکی غازی کۆرمۆر بەرزبووەوە.

هەر ئەو کات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ـی راگەیاند، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکە و ئاگرێکی گەورە لە تانکیەکی غاز کەوتووەتەوە.

ئاگرەکە لە تانکی غازی NGL کەوتووەتە و بەتەواوی بەرهەمهێنانی ‌غازی وەستان، وەزارەتی کارەبای هەرێمیشی هێنایە سەرخت.

دوابەدوای هێرشەکە 964 کەوتە سۆراغی ئەوەی ئەو هێرشە چی کاریگەرییەک لەسەر کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی دەکات سەرچاوەیەک لە وێستگەی غازیی کارەبای هەولێر بە 964ـی راگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێوەیەکی کتوپڕ دابەزی و بڕیار هاتووە هەموو وەحدەکان بکوژێنەوە.

بەیانی ئەمڕۆهەینی سەرچاوەیەک لە بەرگری شارستانی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، بەرەبەیان ئاگرەکەی ناو کۆرمۆر کۆنترۆڵکراوە، لەلایەن کۆمپانیای داناغاز خۆیانەوە.

وێستگەی غازیی کارەبای هەولێر هەشت تۆرباینی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی غاز کە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆی دێت، بەڵام لەماوەی رابردوو تەنیا پێنج تۆرباینی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای کاری دەکرد.

درەنگانی شەوی رابردوش وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێك لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەرهەمهێنانی كارەبا راوەستاوە و بڕی پێدانی کارەبا بۆ کاتژمێرێک کەم دەبێتەوە.

وەزارەتی کارەبا وتیشی، لەبەر سەلامەتی گیانی کارمەندانی وێستگەکە بەرهەمهێنانی غاز لە کێلگەکە راگیراوە، لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخەكە رەوشی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

گوندی کۆرمۆر دەکەوێتە ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای داناگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی غازی تێدا دەکەن.