دوای رۆژێک لە کوشتنی کچەکەی، خۆی رادەستی پۆلیس کرد
964+
هێرۆ مەولودی – هەولێر
دوای ئەوەی دوێنێ لە هەولێر پیاوێک کچێکی خۆی کوشت و هەڵهات، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیسی شارەکە کرد.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەوەی وت.
لە لایەکی دیکە، هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964+ی راگەیاند، ئەو پیاوە 35 ساڵانە دانی ناوە بە تاوانەکەیدا و ئەوەشی پشتڕاستکردووەتەوە کە “بەر لە کوشتنی ئەشکەنجەی کچە 15 ساڵانەکەی داوە”.
لەبارەی ئەوەی چۆن ئازادکراوە لەکاتێکدا پێشتر لە زیندان بووە هەر بە هەمان هۆکاری توندوتیژی، هۆگر عەزیز روونیکردەوە، کە پێشتر بەهۆی سکاڵای بنەماڵەکەی دەستگیرکراوە، هەر بە تۆمەتی توندوتیژی، بەڵام دادگای هەولێر بڕیاری ئازادکردنی داوە بە کەفالەت.
ئێستا لای پۆلیس جارێکی تر پەڕاوی بۆ کراوەتەوە و کەیسەکەی رەوانەی دادگای هەولێر دەکرێتەوە.