"پۆلیس ئاگادارکراوە"
کاری تیمێکی “فریودەر” لە سنووری کەلار ئاشکرادەبێ
964+
راژان باجەلان – خانەقین
چەند مانگێکە کۆمەڵێک کەس لە ژێرناوی “تیمێکی گەڕۆک” بە بیانووی ناونووسینی خەڵک بۆ بەستنی موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆیان، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەیان کەسیان لە “دەروربەری قەزای کەلار فریوداوە”.
بە قسەی فراس مەجید، بەرێوەبەری فەرمانگەی چاودێری کۆمەڵایەتی بێت لە خانەقین، “لەم ماوەیەدا دەیان کەس سەردانی فەرمانگەکەیانی کردووە و وەسڵێکی ساختەیان پێ بووە، کە گوایە چاودێرەکانی ئەوان بۆیان پڕکردوونەتەوە”، ئەو بە 964ی وت، “نە فەرمانبەرانی ئێمە چوونەتە ئەو شوێنانە و نە مۆری ئێمەش لەسەر وەسڵەکانیان هەیە”.
ئەو کەسانە، هەر کەسێکیان دەستکەوتبێ و رەزامەندی دابێ بە پڕکردنەوەی وەسڵ بۆی، “پێنج تا 10 هەزار دیناریان لێ وەرگرتووە”، شێرزاد ئەحمەد تەمەنی 53 ساڵە هاوڵاتییەکی خەڵکی دێی بانزەمینە، توشی حاڵەتێکی هاوشێوە بووە و بە 964 ی وت، “پێنج هەزاریان لێ بردووە بە بیانووی ئەوەی موچەی بۆ دەبڕنەوە، کەچی لە کاتی سەردانیکردنی بۆ فەرمانگەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەرکەوت وەسڵەکە ساختە بووە”.
پۆلیس لە کاری ئەو تیمانە ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام لەبەر رێکاری ئەمنی قسەی لەبارەوە ناکەن، حکومەتی عێراق لە رێگەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی مانگانە موچەی بۆ هەزاران کەس بڕیوەتەوە، بە پێی ئەو ئامارەی دەست پەیامنێری964 کەوتووە، تەنیا لە خانەقین پێنج هەزار و 450 خێزان لەم موچەیە سودمەندن، کە بڕەکەی لە نێوان 125 هەزار دینار بۆ 400 هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا