بەگوێرەی ئەپڵیکەیشنێک
هەولێر کەمترین و هەڵەبجە زۆرترین رێژەی داری سێبەرداری لێیە
964+
فەهمی نەبی
رێکخراوی هەسار لینکی ئامرازێکی بڵاوکردوەتەوە، سێ خزمەتگوزاری ژینگەیی تێدایە، یەکێک لە خزمەتگوزارییەکان زانینی رێژی داری سێبەردارە لە هەر شوێنێک، دوای گەڕان لە ئەپڵیکەیشنەکە بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم، دەرکەوت هەولێر لەسەر ئاستی هەرێم کەمترین رێژەی داری سێبەرداری لێ چێندراوە.
مەبەست لە داری سێبەردار بەو دارانە دەگوترێت کە سێبەر دروست دەکەن و وەک تۆپەڵ وان و بەرزن.
هاوکار عەبدولحەق، دیزاینەری ئامرازەکەیە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەو ئامرازەی دروستکراوە گرێدراوی مانگی دەستکردە و داتای ساڵی 2023ی لێ دانراوە، ئامانجەکە ئەوەیە بەخێراترین کات ئەنجام و داتات دەست دەکەوێت.
بەوتەی هاوکار عەبدولحەق، ئامرازەکە بەجۆرێکە سێ خزمەتگوزاری تێدایە، ئەگەر لە شوێنێک بتەوێت بزانیت رێژەی داری سێبەردار لەو ناوچەیەی دەتەوێت لەسەر ئەپەکە ناوچەکە بە توڵێک یان هێلێک دیاری دەکەی و بەماوەیەکی کەم پێت دەڵێت رێژەی داری سێبەردار لەو ناوچەیە چەندە.
خزمەتگوزاری دووەم، تایبەتە بە داتای چیاکان هەر چیایەک دەستنیشان بکەی پێت دەڵێت، لەماوەی حەوت ساڵدا رێژەی کەمبوونەوە و زیادبوونی داری چەند بووە، بەپێی ئەو ئامرازە لە هەموو چیاکان دار کەمبووەتەوە بە تایبەت لە ساڵی 2020 بەدواوە، لەناوچە سنووریەکانی نێوان هەرێمی کوردستان بۆ ئێران رووبەری زۆر گەورەی دار لەناوچووە، نازانرێت هۆکارەکەی ئایا سووتانی دارستانە یان بەهۆی بڕینەوەی دارە.
خزمەتگوزاریەکی دیکەی ئەم ئامرازە ئەوەیە پێت دەڵێت، رووبەری ئاو لەماوەی حەوت ساڵدا چەند زیادیکردووە و چەند کەمیکردووە.
ئەمە لینکی ئامرازەکەیە، هاوکار عەبدولحەق دەڵێت، ئامرازەکە لەسەر براوسەری کۆمپیوتەر ئاسانتر و باشتر کارەکانی پێ ئەنجام دەدرێت، ئەوەش دەڵێت، هەمان ئەو کارانە لەسەر بەرنامەی GIS دەکرێت، بەڵام کاتی زۆر و کۆمپیوتەری پێشکەوتووی دەوێت جگە لە شارەزایی.
964 رێژەی هەبوونی داری سێبەرداری بۆ هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم ئەنجامدا و ئەم ئەنجامەی دەستکەوت:
لەپارێزگای هەولێر، پێوانەکردنەکە دەوربەری هەولێر، بە قوشتەپە و کەسنەزان و بەحرکەوە بۆ ناو هەولێری گرتەوە، دەرکەوت رێژەی هەبوونی داری سێبەردار %3.70 بووە.
لە پارێزگای سلێمانی، تا عەربەت و نزیک دوکان و دەوروبەری شاری سلێمانی رێژەی داری سێبەردار %9.79 دەبێت.
لە پارێزگای دهۆک، کە دەوربەری ئەو پارێزگایە تا سەنتەری شار وەرگیراوە، رێژەی داری سێبەردار %11.6 دەبێت.
لە پارێزگای هەڵەبجە، رێژەی داری سێبەردار لەو پارێزگایە لەهەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێم بەرزتر، بەجۆرێک رێژەکەی %29.52 بووە.
رێکخراوی هەسار کار لەسەر چالاکیە ژینگەییەکان دەکات و بایەخی زیاتری لەسەر گۆڕانەکانی کەشوهەوایە و بارەگای سەرکیان لە پارێزگای هەولێرە.