دیمه‌نى رشاندنى گه‌نم له ده‌شتى بیتوێن له‌رێگه‌ى تراكتۆره‌وه... وێنه: سۆشیاڵ میدیا
"پێویسته گه‌نم بژاركوژ بكرێت"
كاتى رشاندنى گه‌نمه له پشده‌ر و بیتوێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كاتى رشاندنى گه‌نمى تازه چێندراو له سنوورى پشده‌ر و بیتوێن ده‌ستپێكرد و شاره‌زایه‌كی بوارى كشتوكاڵیش ئاشكراى ده‌كات، كه چ ماده‌یه‌ك له چ كاتێكدا گه‌نمه‌كه‌ى پێ بڕشێدرێت.
ئه‌و گه‌نمه‌ى كه ئێستا كاتى رشاندنیه‌تى، له مانگى تشرینی یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو چێندراوه.
هەڵکەوت مغدید، شاره‌زاى كشتو‌كاڵى، به964ـى وت، رشاندنى گه‌نمه‌كه بۆ ئه‌و گیا‌و و سه‌وزاییه‌یه كه له ژێر و چوارده‌ورى گه‌نمه‌كه ده‌رده‌كه‌ون، چونكه به مانه‌وه‌یان گه‌نمه‌كه بێهێز و بێ به‌رهه‌م ده‌كات.
ئه‌و گیا و سه‌وزاییانه‌ى له‌ناو گه‌نم ده‌ڕوێن له سنوورى پشده‌ر و بیتوێن پێی ده‌ڵێن بژار، كه پێویسته له‌ناو گه‌نمه‌كه نه‌هێڵدرێن و بژاربكرێن.
هه‌ڵكه‌وت ده‌ڵێت “دوو جۆر ده‌رمان بۆ ئه‌و رشاندنه هه‌یه، یه‌كه‌میان بۆ ئه‌و بژاره‌ى گه‌لاى باریكه و دووه‌میشیان بۆ گه‌ڵا پانه‌كانه”.
دەرمانه‌كانى له‌ناو بردنى بژارى گەڵاباریک، بریتین له ئاکسایل، تراکسوس، کرونۆس، توتیک وکلودیا و دەرمانی له‌ناوبردنى بژارى گەڵاپانیش بریتین له تو-فور- دی، سالیکس، ی‌و46 و توست.
به‌قسه‌ى ئه‌م شاره‌زایه پێویسته جوتیار له‌كاتژمێر 12:00 ـى نیوه‌ڕۆوه رشاندنه‌كه ئەنجام بدات و باشتره هەتاو له ده‌ره‌وه بێت.
لیترێك ده‌رمان له‌وانه‌ى باسكراون تێكه‌ڵى 400 لیتر ئاو ده‌كرێت و چوار دۆنم گه‌نمى پێ ده‌ڕشێندرێت.
ئامۆژگارى جوتیارانیش ده‌كات كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ده‌رمانانه تێكه‌ڵى یه‌كترى نه‌كرێن ئینجا كارى رشاندنه‌كه ئه‌نجام بده‌ن، چونكه ده‌ڵێت “زه‌ره‌رو زیانێكی زۆر بۆ گه‌نمه‌كه به‌جێده‌هێڵێت”.