لە هەندێ شوێن تەنیا 4 کاتژمێر کارەبا هەبووە

کێشەى کارەباى پێنجوێن بەردەوامە

964+

وریا فەتاح

لە 24 کاتژمێرى رابردوودا، لە پێنجوێن شەش کاتژمێر کارەباى نیشتمانى کوژاوەتەوە، بەهۆى نەبوونى سیستمى کارەباى مۆلیدەش دانیشتوانى قەزاکە توشى کێشە بوون.

بەپێى داتاکانى وێستگەى کارەباى پێنجوێن، لە ماوەى 24 کاتژمێرى رابردوودا پێنج بۆ شەش کاتژمێر کارەباى نیشتمانى کوژاوەتەوە، لە کاتێکدا کارەباى پێنجوێن 24 کاتژمێرییە و سیستمى کارەباى مۆلیدە لە قەزاکە هەڵگیراوەتەوە.

جەمال سەعید بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای قەزای پێنجوێن لە بارەی بڕانی کارەباوە بە 964ـی وت،”کێشەکە لە بەرهەمهێنانى وێستگەکانى کارەبایە، بەتایبەت ئێستا لە هەرێمى کوردستان سیستمى کارەبا تێکەڵاوە و پێى دەوترێت سیستمى تێکەڵاو و هەمووى پەیوەندى بە یەکترەوەیە، بۆیە ئەگەر وێستگەکانى کارەبا توشى فشار دەبن ناچار کوژانەوە روودەدات”.

بە وتەى جەمال سەعید، بەپێى داتاکان کارەبا زۆر کەمى کردووە، لە دووکانیش کە کارەباکەى 24 کاتژمێرییە نزیکەى 12 کاتژمێر کارەبا نەبووە، لە قەلاچوالانیش تەنها 4 کاتژمێر کارەبا هەبووە.

بەڕێوەبەرى وێستگەى کارەباى قەزاى پێنجوێن باسى لەوەشکرد، لەبەر ئەوەى سیستمى کارەباى هەرێم تێکەڵاوە، بۆیە لە حاڵەتى کەمبونەوەى بەرهەمهێنان ئەگەر کارەباى ئەو شوێنانە نەکوژێتەوە کە 24 کاتژمێرین، کوژانەوەى گشتى روودەدات.

بەهۆى نەبوونى کارەباى مووەلیدە، چەندین جاریش، هاوڵاتیانی پێنجوێن لەسەر کوژاندنەوەی کارەبا، رێگای ملەکەوەیان گرتووە، یاخوود هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیان کردووە.

سێ کاتژمێرە قەزای پێنجوێن بێ کارەبایە

سێ کاتژمێرە قەزای پێنجوێن بێ کارەبایە