نرخی نەوت - گرافیک: 964+
کێشەکانى دەریاى سوور بەردەوامە
نرخى نەوت داشکانی زیاتری بەخۆیەوە بینی
وریا فەتاح
نرخی نەوت لەگەڵ بەردەوامی کێشەکانی دەریای سوور و هێرشەکانی ئەمەریکا بۆسەر حوسییەکانی یەمەن ناجێگیرە و بەردەوامە لە دابەزین.
ئەمڕۆ شەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، بەوەش 0.54% نرخەکەی لە چاو دوێنێدا دابەزیوە.
نەوتی سووکی تەکساسیش نزمبوونەوەی بە رێژەی 0.67 تۆمارکردووە، هەر بەرمیلێکی بە 73 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.
ناجێگیرى لە دەریاى سوور و هێرشەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى بۆسەر چەکدارانى حوسییەکانى یەمەن، کاریگەریى راستەوخۆى لەسەر نرخى نەوت هەیە.
ڤیکتۆر کاتۆنا، سەرۆکی شرۆڤەکاری بازاڕی نەوتی خاو لە کۆمپانیای کلێر، دەڵێت: ئاییندەی نەوتی خاوی برێنت زۆرترین کاریگەری لەسەرە بەهۆی تێکچوونەکانی دەریای سوور و کەناڵی سوێسەوە، چونکە قەبارەی نەوتی خاو، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا دەڕوات، نزیکەی بۆ نیوە کەمبووەتەوە، لە مانگی کانوونی دووەمدا نزیکەی 570 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تۆمارکراوە، لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمدا ملیۆنێک و 07 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.