هۆکاری قیرتاونەکردنی چییە؟
دانیشتوانی ناحیەی بنگرد کێشەى رێگاوبانیان هەیە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
جگە لەوەى زۆربەى شەقام و کۆڵانەکانى ناحیەى بنگرد خۆڵن، بەڵام ئەو کۆڵانانەشى کە پێشتر کۆنکرێتیان بۆ کراوە یان قیرەتاوکراون، تێکچوون و گرفتى هاتووچۆى دروستکردووە.
فاروق عەزیز، دانیشتویەکی ناحیەکە بە 964 ی وت،”خراپی رێگاو بانەکانى ناحیەکەمان گرفتی بۆ دروستکردوین، ئەو رێگایانەش کە کۆنکرێت کرتون توشى لەبەریەکهەڵوەشان و چاڵوچۆڵى بوون”.
“بەهۆی خراپی کۆڵانەکان زیان بە ئۆتۆمبێلەکانمان کەوتوەو بەشێکی کۆڵانەکانیشمان نە کۆنکرێت نە قیرەتاو نەکراون، بۆیە لە زستاندا قوڕ و چڵپاو لە هاویندا تەپ و تۆزیان لێ بەرز دەبێتەوە”، بیلال حەمە سەعید، دانیشتویەکى بنگردە و واى بە 964 وت.
حەسەن رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانی بنگرد بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت:هەوڵمان داوە گرفتی رێگاوبان و کۆڵانەکانی ناو ناحیەکە چارەسەر بکەین و دەرخستەمان بۆ کردوە کە بڕی 74 ملیۆن دینارى پێویستە، بەڵام بەهۆی گرفتی کارگێڕى و داراییەوە تائێستا نەتوانراوە کارەکان بکرێن.
پێشتر شارەوانى بنگرد، لەڕووى کارگێڕییەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى راپەڕین بووە و ئێستا سەر بە بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکانى سلێمانییە، بە وتەى حەسەن رەسوڵ، بەهۆى ئەمەوە هەندێ کارى ژمێریارى گرفتى بۆ دروست بووە و هەوڵ دەدەن چارەسەرى بکەن.
ناحیەی بنگرد، دەکەوێتە ناوچەى بەرى مەرگەى سەر زێى بچوک، لەرووى کارگێڕییەوە سەربە قەزای دوکانە و لە چوار گەڕەک پێک دێت و زیاتر لە 300 ماڵ لەناوەندی ناحیەکە نیشتەجێن.