دەگوترێت تەرمەکەی شێوێندراوە
کەسێک لە ناحیەی شۆڕش کوژرا
+964
هۆگر عەدنان-چەمچەماڵ
لە گەڕەکی پیریاییەکان لە ناحیەی شۆڕش کەسێکی کاسب کوژرا، رووداوەکەش درەنگانی شەوی رابردوو بوو.
بە پێی زانیارییەکانی 964 تا ئێستا کەسی بکوژ دەستگیرنەکراوە و تەرمێکیش لە پزیشکی دادی چەمچەماڵە، بەڵام نازانرێت ئایا هەمان ئەو کەسەی شەوی رابردووە کوژراوە، یان کەسێکی دیکەیە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە 964ی وت، “کاتژمێر 2:30ی بەربەیانی ئەمڕۆ گەنجێکی کاسبی لەدایکبووی ساڵی 1985 لە گەڕەکی پیریاییەکان لە ناحیەی شۆڕش کوژراوە و تا ئێستا بکوژ دەستگیر نەکراوە، فەرمانی گرتنی بە مادەی 406 بۆ بکوژ دەرچووە”.
سەرچاوەیەکیش لە تەندروستیی چەمچەماڵ بە 964وت، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 12:00 تەرمێکی شێوێندراو هێنرایە نەخۆشخانەی شەهید پێشرەو دواتر رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کراوە، تا ئێستا ناسنامەی تەرمەکە بە هۆی شێواوییەوە نەناسراوەتەوە”.
چەند جارێک وەک 964 پەیوەندیمان کرد بە بەرپرسانی باڵای تەندروستیی چەمچەماڵ بەڵام پەیوەندییەکانیان وەڵامنەدایەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا