18 دۆنمە

یانەی دهۆک داوای زەوییەکانی دەکاتەوە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بە تەنیشت یاریگای دهۆکەوە 130 نوسینگەی فرۆشتنی مەوادی کەرەستەی بیناسازی هەیە و هی یاریگای دهۆکە و بەکرێی داوە، بەڵام ئێستا داوای دەکاتەوە.

رووبەری ئەو زەویەی نوسینگەکانی لەسەر دروستکراوە، 18 دۆنم زەوییە، یاریگای دهۆک دەڵێت تا مانگی ئاداری دەبێت چۆڵی بکەن.

فازل کێستەیی، نوێنەری نوسینگەکان بە 964ی وت، “ئاگادار کراوینەتەوە چۆڵی بکەین، بەڵام ئەی بۆ کوێ بچین؟ داوای قەرەبوو دەکەین و لەگەڵ شارەوانی قسە دەکەین”.

زنار عەلی، پارێزەری یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ی وت، “رووبەری تاپۆکراوی یانەی دهۆک زیاتر لە 18 دۆنم زەوییە و لەو رووبەرەی ئێمە داوای دەکەینەوە 40 نوسینگەی دەکەوێتە سەر”.

پارێزەری یانەی وەرزشی دهۆک ئەوەش دەڵێت، “بەشێوەیەکی یاسایی داوای ئەو زەوییەمان کردوەتەوە و گرێبەستەکەیان بۆ نوێ ناکرێتەوە و دەبێت شوێنەکە چۆڵ بکەن، ئەو دوکانانەی دیکە کە دەمێینەوە کارمان پێیان نییە”.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت، تاوەکو ئێستا نوێنەری نوسینگەکان نەهاتوون بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی و ناتوانین هیچ بڵێین تا ئەو کاتەی کۆبونەوەیان لەگەڵ دەکەین.

“ئەو بەشەی یاریگای دهۆک بە راست و دروستی هی خۆیانە و مافی خۆیانە داوای بکەن” ئیسماعیل مستەفا وای وت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی