پێشتریش چه‌ند باڵنده‌یه‌كی ده‌گمه‌نیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه
نێرییه‌كی كێوی دواى چاره‌سه‌ركردن گه‌ڕێندرایه‌وه ناو سروشت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ژینگەپارێزانی بارزان، نێریه‌كی كێویان دواى چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى ره‌وانه‌ى ناو سروشت كرده‌وه و به‌رپرسێكی ژینگه‌ش ده‌ڵێت له سنووره‌كه‌یان ژماره‌یه‌كی زۆرى بزن و نێرى كێوى هه‌ن و توانیویانه بیانپارێزن.
دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر نێرییه كێویه‌كه له گه‌لى شكه‌فتێی سنوورى بارزان به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه له جووڵه كه‌وتبوو، دواى ئاگاداركردنه‌وه‌ى ژینگه‌پارێزان له‌لایه‌ن به‌تالیۆنى ژینگەپارێزانی بارزان هێندرایه‌وه‌و چاره‌سه‌رى ته‌ندروستیان بۆ ئه‌نجام دا.
ملازم سدیق حه‌سه‌ن، به‌ڕپرسی به‌شی رۆشنبیرى و راگه‌یاندنى ئه‌م بەتالیۆنه، به 964ـى وت، نێرییه‌كه به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه بێتاقه‌ت و كه‌وتبوو، دواى دوو رۆژ له چاره‌سه‌ركردنى ره‌وانه‌ى ناو سروشتیان كرده‌وه.
وتیشی “سروشتى ئاژه‌ڵى كێوی ئه‌وه‌یه كه نابێت زۆر لاى مرۆڤ بمێنێته‌وه چونكه لێی ده‌ترسێت، بۆیه دواى ئه‌م دوو رۆژه گه‌ڕاندمانه‌وه ناو سروشت”.
به‌قسه‌ى ملازم سدیق له سنوورى بارزاندا ژماره‌یه‌كی زۆرى بزن و نێری كێوى هه‌ن و له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانى به‌تالیۆنه‌كه‌یانه‌وه له‌ده‌ستى راوچییه‌كان پاراستوویانن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دیارده‌ى راوكردن له‌سنووره‌كه‌یان نه‌ماوه، مه‌گه‌ر كه‌سانى ده‌ره‌وه‌ى بارزان بۆ راوكردن بێنه ناوچه‌كه‌یان ئه‌ویش زۆر ده‌گمه‌ن و كه‌مه.
پێشتریش له لایه‌ن ئه‌م به‌تالیۆنه‌وه له دوو كاتى جیاوازدا، دوو باڵنده‌ى ده‌گمه‌ن دواى چاره‌سه‌ركردن ره‌وانه‌ى ناو سروشت كراونه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان له‌مانگى ئابی 2023 كه سیساركه‌كه‌چه‌ڵ یان پێی ده‌وترێت باڵنده‌ى (خه‌رته‌ل) و له‌مانگى تشرینی دووه‌می 2023 ش هه‌ڵۆیه‌كی ده‌گمه‌ن به‌ناوى (هه‌ڵۆى زێڕین) بوو.