لەگەڵ ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیان هەیە

نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک سبەی دەچنە بەغدا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک لەگەڵ ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا بۆ گەیاندنی کێشەکانیان کۆدەبنەوە.

سبەینێ یەکشەممە، نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک لەگەڵ حەمید خزی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی زەوییەکانی وەزارەتی داریی لە بەغدا کۆدەبنەوە دەربارەی کێشەی گەڕەکی نەورۆز.

هێمن خۆشنوس دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز بە 964ـی وت، لە بەرواری 10 کانونی دووەم ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە و داوایکردووە هەموو رێوشوێنەکان لەبارەی خانووەکانی ئەفسەرانی گەڕەکی نەورۆزەوە رابگرن.

وتیشی، بڕیارە سبەینی زوو نوێنەرانی گەڕەکی نەورۆز سەردانی بەغدا بکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و زانیاری ئەوەشیان هەیە بڕیارە لە چەند کاژمێری داهاتوو هێزەکانی سوپا لە گەڕەکی نەورۆز بکشێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو یەکلایی نەبێتەوە و سوپا نەکشێتەوە ئێمە خێوەتەکە هەڵناگرین.

نزیکەی دوو هەفتەیە سوپای عێراق ژمارەیەک خانووی کوردی دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزی داگیر کردووە و فشار بۆ چۆڵکردنی گەڕەکەکە دەکات بەبیانووی ئەوەی خاوەنداریەتییەکەی بۆ وەزارەتی بەرگری دەگەڕێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی