پەلە بکەن

دوا مۆڵەت دەدرێت بەو کەسانەى کارتى نیشتمانیان دەرنەهێناوە

964+

سیروان خورشید- دوزخورماتوو

مۆڵەتی 50 رۆژ دەدرێت بەو کەسانەی کە تائێستا ناسنامەی باری شارستانیانیان نەگۆڕیوە بەکارتی نیشتمانی، بەپێچەوانەوە رووبەڕوى کێشە دەبنەوە.

بەپێی ئاگادارکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی دوزخورماتوو لە 1.3.2024ـەوە، هاوڵاتی بەبێ کارتی نیشتمانی مامەڵەکانی دەوەستێنرێت و لەهیچ فەرمانگەیەک کارەکانی بۆ رایی ناکرێت.

وەلی مەحمود، جێگری فەرمانگەی رەگەزنامەی دوزخورماتوو بە 964ی وت،”بەپێی نوسراوێکی فەرمی وزارەتی ناوخۆی عێراق پێیان راگەیندراوە، تا کۆتای مانگی دووی ئەمساڵ موڵەت دراوە بەهاوڵاتییان تا ناسنامەی باری شارستانیان بگۆڕن بە کارتی نیشتمانی.

وەک ئەوەى لە نوسراوەکەدا هاتووە، لە رۆژى 1.3.2024، چیتر ناسنامەى بارى شارستانى کارى پێناکرێت و هاوڵاتیى ناتوانێت لە فەرمانگە حکومییەکان و لەبازگەکانیش بەکارى بهێنێت و رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.

وەلى مەحمود، لە 964ـەوە داوا دەکات، هاوڵاتیان سەردانیان بکەن بۆ دەرکردنى کارتى نیشتمانى.

کارتی نیشتمانی، بەڵگەنامەی یاسایی ناساندنی کەسی هەڵگرە و دەدرێتە هاوڵاتییانی عێراقی، ئەم ناسنامەیە جێگرەوەی ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقییە، لە بەرواری دەرچونیەوە بۆ ماوەی 10ساڵ کاری پێدەکرێت و تائێستا 83%ى دانیشتوانى خورماتوو، کارتى نیشتمانیان دەرهێناوە.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح