ئیحسان مەلا حەسەن، جوتیارێکى گوندى گۆپتەپەیە و تورێکى بەرهەمهێناوە زیاترە لە پێنج کیلۆ گرام. فۆتۆ: 964
کیلۆى بە 100 دینارە
ئەو جوتیارانەى تور و شێلمیان چاندووە رەنج بەخەسار بوون
964+
وریا فەتاح
زیاتر لە 600 تۆن بەرهەمى تور و شێلمى جوتیارانى گوندى گۆپتەپە لە ژێر زەویدایە، جوتیارێکى گوندەکەش دەڵێت: بۆ ئێمە کیلۆى 100 دینار دەکات و لە زەرەرداین.
ئیحسان مەلا حەسەن، جوتیارێکى گوندى گۆپتەپەیە و تورێکى بەرهەمهێناوە زیاترە لە پێنج کیلۆ گرام، بەڵام وەک ئەوەى قسەى بۆ 964 کردووە، دەڵێت: گرنگ نیە چەند کیلۆیە، چونکە نافرۆشرێت و پارە ناکات، تورى ئەمساڵیشمان هەمووى ئاوایە چوار کیلۆ و پێنج کیلۆیە، لەبەر ئەوەى پارە ناکات هەڵمان نەگرتووەتەوە.
بەوتەى ئەو جوتیارە، یەک کیلۆ تور بۆ جوتیار لە عەلووە 100 دینار دەکات، ئەوەش ناکاتە کرێى کرێکار و ئۆتۆمبێل، بۆیە بە ناچارى وازیان هێناوە و تورەکان هەڵناگرنەوە.
“زیاتر لە 600 تۆن، تور و شێلمى جوتیارانى گوندى گۆپتەپەى ناحیەى ئاشتى سنورى کۆیە، لەژێر زەویدایە و کۆنەکراوەتەوە، جوتیارەکان رەنج بەخەسار بوون و لە زەرەردان، چونکە تێچوى هەر کیلۆ تورێک زیاترە لە 100 دینار”، ئەو جوتیارە واى بە 964 وت.
داواش دەکات، وەزیرى کشتوکاڵ و بەرپرسان بێن بۆ گوندەکە و لە نزیکەوە بەرهەمەکە ببینن، ئەگەر هاوکاریش نەبوون لە ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان، تەنیا قەرەبووى کێڵان و تۆوى تورەکانیان بکرێنەوە.
ئەو جۆرە تورەى لە گوندەکە بەرهەمدەهێنرێت، توری رەنگ سوورى سورییاییە و کێشەکەى تا شەش بۆ حەوت کیلۆ گرام دەڕوات.