شوێنی دیکە هەیە بۆ دانانی تاوەری با

کارەبای سلێمانی: شاخی گۆیژە بۆ تاوەری با نابێت

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

تاوەرێکی با لەسەر شاخی گۆیژە دانراوە تایبەت بە دروستکردنی کارەبا لە رێگەی باوە، کارەبای سلێمانی دەڵێت، شاخی گۆیژە گونجاو نییە بۆ دانانی ئەو جۆرە تاوەرانە و سەرکەوتوو نابێت.

سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ـی وت، بەپێی ئەو توێژینەوانەی کراوە، شاخی گۆیژە گونجاو نییە بۆ دانانی تاوەری با، لەبەر ئەوەی هێزی باکەی بەردەوام لە گۆڕاندایە، جار هەیە باکەی زۆر بەهێزە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا نابێت.

لەسەر ئەم بابەتە باسی لەوەکرد، هەر کەسێک دەیەوێت پڕۆژەی سیستمی نوێبوەوە دابنێت پێویستە راوێژ بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بکات، بۆ ئەوەی زەرەرمەند نەبێت و رێنمایی بکرێت.

خێرایی با بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە 20 کم/چرکە نابێت زیاتر بێت و لە 3 کم/چرکە نابێت کەمتر بێت.

وتەبێژی کارەبای سلێمانی وتی: “چەند شوێنێکی دیکە هەیە گونجاوە بۆ دانانی تاوەری با، توێژینەوەی لەسەر کراوە، هەریەکە لە شەدەڵە و بانی مەقان گونجاون”.

سیروان محەمەد باسی لەوەکرد، ئەو تاوەری بایەی لەسەر شاخی گۆیژە دانراوە بێ ئاگاداری کارەبای سلێمانی دانراوە، گەر سەردانیان رێنمایی دەکران و هاوکاریان دەکرا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی