"شتێکی رەق بەر سەری کەوتووە"

رێکخراوی هەنگاو: گەنجێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا

964+

پێشەوا محەمەد

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایدەگەیەنێت، گەنجێکی خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی پەیمان عەبدی لە زینداندا لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکاندا گیانی لەدەستداوە.

بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 10.1.2024 بڵاویکردووەتەوە، ئەو گەنجە تەمەنی 35 ساڵە و باوکی دوو منداڵە و هەفتەی رابردوو بەهۆی ئەشکەنجەوە کەوتووەتە کۆماوە و رۆژی سێشەممە 9.1.2024 گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە کوڕەکەیان لە کاتی نانخواردندا خنکاوە فشاریشیان لێکردوون کە نابێت هەواڵی مردنی کوڕەکەیان لە زیندان بدەن بە راگەیاندنەکان.

“بەڵام پزیشکەکان لە نەخۆشخانە بە بنەماڵەکەیان وتووە شتێکی رەق بەر سەری کەوتووە و بەوهۆیەوە چووەتە کۆماوە و گیانی لەدەستداوە”، راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو وای نووسیوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو رێکخراوە، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو گەنجە بە پێی گێڕانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، رووبەڕووبوونەوەی ناوبراو بووە لەگەڵ هێزەکانیان.

ساڵی 2023 هەشت کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان لە زیندانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی هەنگاو: پێنج کۆڵبەر بریندار کران

رێکخراوی هەنگاو: پێنج کۆڵبەر بریندار کران