شوێنەوار رێگەنادات نۆژەنی بکەنەوە
دوکاندارە دێرینەکان قەیسەرییەکانی دوزخورماتوو چۆڵ دەکەن
964 +
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
زۆرینەی دوکاندارەکانی ناو قەیسەرییەکانی دوزخورماتوو لە ترسی داڕمان چۆڵیان کردووە، دوکاندارەکان دەڵێن چەندینجار هەوڵیانداوە لەسەر ئەرکی خۆیان دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکەن، بەڵام لەلایەن فەرمانگەی شوێنەواری قەزاکەوە رێگرییان لێدەکرێت.
ئێستا قەیسەرییەکان بە تەواوی چۆڵبوونیان پێوە دیارە، بە جۆرێک لە کوێ سێ قەیسەری، کە پێشتر نزیکەی 100 دوکانی تێدابووە، ئێستا کەمتر لە 15 دوکانداری تێدا ماونەتەوە، ئەوانیش نیگەرانن لە دۆخی چۆڵبوونی و مەترسیی داڕمانی.
محەمەد هادی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری دوزخورماتوو بە 964ی وت، چەند جارێک نووسراویان ئاراستەی وەزارەت کردووە، بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی قەیسەرییەکانی قەزاکە، بەڵام لە وەڵامدا پێیان راگەیەندراوە، خاوەن دوکاندارەکانی ناو قەیسەرییەکان دەبێت لەسەر ئەرکی خۆیان دوکانەکانیان نۆژەن بکەنەوە.
بە قسەی ئەو بێت، ئەوان چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە بەشی شوێنەواری وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، بەو شێوەیە وەڵامی داواکارییەکەیان بداتەوە، کە ئەوان وەک شوێنەوار پێیان وابووە دەبێت حکومەت ئەرکی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت، هەر بۆیە رێگە بە دوکاندارەکان نادەین دەستکاری قەیسەرییەکان بکەن، چونکە بە پێی یاسا، رێگە بە هاوڵاتی نادرێت دەستکاری شوێنەوارە مێژووییەکان بکەن.
مێژووی هەر سێ قەیسەرییەکەی دوزخورماتوو بۆ ساڵی 1918 دەگەڕێتەوە، کە زیاتر لە 100 ساڵە دروستکراوە و تائێستاش نۆژەن نەکراونەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا