وەزارەتێک رەزامەندی داوە
بڕی 486 ملیۆن دینار بۆ دوو پرۆژەی ئاوی سلێمانی دابینکرا
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی داوە لەسەر جێبەجێکردنی دوو پرۆژەی ئاو لە شاری سلێمانی کە تێچووەکەیان 486 ملیۆن دینارە.
پرۆژەكان بریتین لە پرۆژەی راكێشانی بۆریی ئاو بۆ بەهێزكردنی ئاوی گەڕەكی وڵوبە/236 و پرۆژەی دابینكردنی بوستەر پەمپی 750 m3/hr بە (200 m/head) بۆ پرۆژەی ئاوی (P.W.J) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی کە دەکەوێتە نزیک شەقامی 60 مەتری.
خەرجی پرۆژەکان لەسەر داهاتی 17٪ـی ئاوی سلێمانی و بەگوێرەی پلانی ساڵی 2023 لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانی خەرجكردنی بۆ دەركراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8.1.2024، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هێشتا پرۆژەکان دەستیان پێنەکردووە و زیاتر لە دوو گەڕەک سوودمەند دەبن.
شاری سلێمانی 190 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە، لە رێگەی هەریەکە لە پڕۆژەکانی هێڵی دوکان – سلێمانی و سەرچنار ئاویان بۆ دابین دەکرێت، هەر شکانێکیش لە بۆری سەرەکی ئەو پڕۆژانە دروست بێت هەر لەلایەن ئەو بنکانەوە چاکدەکرێنەوە.